پارتی رێگری لە بەرپرسێكی یەكێتی دەكات و دەیگەڕێنێتەوە

ئاسایشی پارتی لە مەخمور رێگە بەبەرپرس و كادرێكی یەكێتی نادات بچێتە ناو شارۆچكەكەوە و لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموریش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و پارتیش بە فشار دروستكردن لەسەر كادرەكانی یەكێتی تۆمەتبار دەكات.

رەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرادیۆی نەوای راگەیاند: لە كاتژمێر 6.30 ئێوارەی دوێنێ‌ تا 12 شەو، لە دوا بازگەی مەخمور رێگە نەدراوە غازی فەیسەڵ كاكەیی ئەندامی مەڵبەندی موسڵ و لێپرسراوی كۆمیتەی حەمدانییەی یەكێتی و كادرێكی ترمان بێنە ناو شارەكە و سەرەڕای ئەوەی كوردبوون و ناسنامەی یەكێتییان پێبووە.

وتیشی "هەوڵێكی زۆرماندا و پەیوەندیمان بە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتییەوە كرد، بەڵێنی چارەسەریاندا، بەڵام دواتر وتیان ئێمە هیچمان پێناكرێت و گەڕێندرایەوە بۆ ناحیەی گەیارە".

لەبارەی هۆكاری رێگرییەكەشەوە، رەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی وتی "پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوا هەڵبژاردندا دەنگی كەمی لە مەخمور هێناوە و دەیەوێت لەرێگەی دروستكردنی فشار لەسەر دۆست و ئەندامان و لایەنگرانمان دەنگەكانی بەرزبكاتەوە و هاوكات بەرپرسی میحوەرەكەش ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی 23ی ئەو حزبەیە، بۆیە بەو جۆرە مامەڵە دەكەن".
تەئكیدیشی كردەوە كە "ئەم رێگرییە یەكەمجارو دواجار نییە و نابێت و پێشتریش رێگری لە ئامر لیوا و ئامر فەوجێكی سوپای عیراق كرد كە دۆستی یەكێتی بوون و پارتی ئەوەی لەڕێگەی ئۆرگانەكانییەوە پێی ناكرێت لەڕێگەی هێزی میحوەرەكە كە پێشمەرگەیە لەگەڵ ئاسایشی ناوچەكە، دەیكات".



PM:02:50:12/01/2017