رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ: ساڵێكی تریش تاوانكاری به‌بێ سزا تێده‌په‌ڕێت
رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند كه داتاكانی ساڵی رابردوو پێمان ده‌ڵێن كه بارودۆخی كاری رۆژنامه‌نوسی بۆ ساڵێكی دیكه‌ش پڕ ئاسته‌نگه و ساڵێكی تریش تاوانكاری به‌بێ سزا تێده‌په‌ڕێت چ جای پێشێلكاری ساده.
ئه‌مڕۆ سه‌نته‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامه‌نووسان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راپۆرتی ساڵانه‌ی 2016ی ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی له هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو.
له‌سه‌ره‌تای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ وتی: "داتاكانی ساڵی رابردوو پێمان ده‌ڵێن كه بارودۆخی كاری رۆژنامه‌نوسی بۆ ساڵێكی دیكه‌ش پڕ ئاسته‌نگه و پێشێلكاری به‌رامبه‌ریان هێشتا نه‌بۆته مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌نجامی ده‌دات له هه‌ر پله و پایه‌كی ده‌سه‌ڵاتدا بێت".
وتیشی: "به‌راودێكی ساكار له‌گه‌ڵ ئاماره‌كانی ساڵی پێشتر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه له بواری پارێزگاری له گیان و جه‌سته و كه‌رامه‌ت و شكۆی كاره‌كه‌ی رۆژنامه‌وان پێشكه‌وتنی به‌رچاومان به‌خۆمانه‌وه نه‌دیوه".
رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "وه‌ك ساڵانی دیكه كه‌شێكی دوژمنكارانه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوس له ئارادایه. ته‌نانه‌ت له‌ناو ده‌زگا میدیاكانیشیاندا، زۆربه‌یان بێ مافن، پێنه‌دانی موچه‌ی چه‌ند مانگه‌یان بووه به دیارده له باشترین حاڵه‌تیشدا موچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت".
ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌یه:
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز
خه‌مخۆرانی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئینسان و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری
وا ئه‌مساڵیش داتاكانی سه‌نته‌ری میترۆ ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستی به‌ڕێزتان و رای گشتی له هه‌رێمی كوردستان و جیهان، سوپاسی هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی ئازادی رۆژنامه‌وانی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاوپیشه‌كانمان ئه‌كه‌ین كه هاوكارمان بوون بۆ تۆماركردنی پێشێلكارییه‌كان دژ به مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی رۆژنامه‌نوسان و شكۆی پیشه‌كه‌یان.
سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی كه به كرداره‌كانیان ئه‌و راستییه دوپاتده‌كه‌نه‌وه كه رۆژنامه‌نوسان نه له خۆیان و نه له كۆمه‌ڵگاكه‌یان زیادنیین، به‌ڵكو پێشێلكاری به‌رانبه‌ریان پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی و ده‌رخه‌ری بارودۆخی مافی مرۆڤه له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا.
ئازیزان
داتاكانی ساڵی رابردوو پێمان ده‌ڵێن كه بارودۆخی كاری رۆژنامه‌نوسی بۆ ساڵێكی دیكه‌ش پڕ ئاسته‌نگه و پێشێلكاری به‌رامبه‌ریان هێشتا نه‌بۆته مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌نجامی ده‌دات له هه‌ر پله و پایه‌كی ده‌سه‌ڵاتدا بێت.
ساڵێكی تریش تاوانكاری به‌بێ سزا تێده‌په‌ڕێت چ جای پێشێلكاری ساده. به‌راودێكی ساكار له‌گه‌ڵ ئاماره‌كانی ساڵی پێشتر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه له بواری پارێزگاری له گیان و جه‌سته و كه‌رامه‌ت و شكۆی كاره‌كه‌ی رۆژنامه‌وان پێشكه‌وتنی به‌رچاومان به‌خۆمانه‌وه نه‌دیوه. توندوتیژی به‌رامبه‌ر هاوكارانمان كه‌می نه‌كردوه، كامێرا و كه‌ره‌سته‌ی رۆژنامه‌نوسیان لێده‌ستێنن، جیاوازیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و رێگری له كاری رۆژنامه‌نوسیان ده‌كرێت، به به‌بێ بڕیاری دادگا ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌سگیرده‌كرێن. پێشێلكاران له یاسا و دادپه‌روه‌ری باڵاده‌سترن.
به‌كورتی وه‌ك ساڵانی دیكه كه‌شێكی دوژمنكارانه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوس له ئارادایه. ته‌نانه‌ت له‌ناو ده‌زگا میدیاكانیشیاندا، زۆربه‌یان بێ مافن، پێنه‌دانی موچه‌ی چه‌ند مانگه‌یان بووه به دیارده له باشترین حاڵه‌تیشدا موچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت.
به‌هۆی بارودۆخی ئابوری له‌لایه‌ك و فشاری ده‌سه‌ڵاتداران له‌لایه‌كی تر، میدیای ئازاد له هه‌رێمی كوردستان، پاشه‌كشه‌یكردوه، میدیا به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له ده‌ستی حزب و سه‌ركرده‌ی حزبه‌كانن، یا سێبه‌رن یا خاوه‌ن ئیمتیاز سه‌ركرده‌ی حزبه و بۆ شه‌ڕه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان به‌كاریان دێنن، په‌یتا په‌یتا بڕی زانیاری و هه‌واڵ كه مافێكی سه‌ره‌تایی مرۆڤه له‌م ده‌زگایانه‌دا ده‌بێته قوربانی گوتاری شه‌خسی و حزبی.
میدیای كه‌رتی تایبه‌تیش به‌هۆی كه‌م ده‌رامه‌تیه‌وه تادێت وابه‌سته‌ی سه‌رچاوه داراییه‌كانیانن و بوێریان به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه له‌ده‌ستده‌ده‌ن، قه‌یرانی ئابووری گشتی له كوردستاندا خه‌مێكی گه‌وره‌ی تری بۆ رۆژنامه‌نوسان زیادكردوه، قه‌یرانی دارایی پاشه‌كه‌وتی زۆره ملێ، بێ متمانه‌یی به سیاسه‌تی ئابووری هه‌رێم ئه‌مساڵ زنجیره‌یه‌ك بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه.
روماڵكردنی چالاكی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییانه بووه مایه‌ی پێشێلكاری به‌رفراوان دژ به رۆژنامه‌وانان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له كۆمه‌ڵگا، لێره‌دا نه‌ك ته‌نها مافی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری پێشێلكراوه به‌ڵكو مافی هاوڵاتیان له زانیاریش بوه‌ته قوربانی.
سه‌رباری قه‌یرانی دارایی، ئۆپراسیۆنه‌كانی دژ به داعش ئاستێكی ترسناكی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر گیانی رۆژنامه‌نوسان دروستكرد، له‌لایه‌ك داعش هیچ جیاوازیه‌ك ناكات له‌نێوان رۆژنامه‌نوس و سه‌رباز، هه‌ردوكیان به یه‌ك چاو و به دوژمن ته‌ماشاده‌كات وه‌ك یه‌ك بۆسه‌یان بۆ داده‌نێت و ده‌یانكاته ئامانج، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌زگاكانی راگه‌یاندن زۆر بێ باكانه و بێ گوێدانه سه‌لامه‌تی گیانی رۆژنامه‌نوسان ده‌یاننێرن بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ ته‌نها له پێناو پێشه‌نگیه‌كی رۆژنامه‌وانی. هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت ئاماده‌بووه گیانی رۆژنامه‌نوسانی بخاته مه‌ترسیه‌وه بێ ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی سه‌لامه‌تی پیشه‌ییان بۆ ئاماده‌بكات. ژماره‌ی زۆری قوربانیانی كوژراو و برینداری رۆژنامه‌كار له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا به‌ڵگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخ و توڕه‌ییه ئه‌وه‌یه كه كوشتنی رۆژنامه‌نوس ته‌نها له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا رووی نه‌داوه، به‌ڵكو كوشتنی رۆژنامه‌نوس له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ی پاش فڕاندنی به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه، ئه‌شكه‌نجه‌دان و فڕێدانی ته‌رمی له‌سه‌ر جاده‌كان سه‌ردێرێكی قێزه‌ونی پێشێلكاری بوو به‌رامبه‌ر به مافی رۆژنامه‌نوسان له 2016دا.
پاڵپشتی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ناوخۆیی و جیهانی له خه‌باتی رۆژنامه‌نوسانی كوردستان دژی تیرۆركردنیان به‌هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه له‌ساڵانی رابردودا ده‌بوو هانده‌ربوایه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه كه بكوژان ده‌ستگیربكه‌ن و به‌سزای ره‌وایان بگه‌یه‌نن، به‌ڵام ئاشكرانه‌كردنی سیمای ره‌شی بكوژانی (سۆرانی مامه حه‌مه، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه گه‌رمیانی) هانده‌ری به‌رده‌وامبوونی ئه‌م جۆره تاوانه قێزه‌ونه‌بوو. ئه‌مساڵیش دوو رۆژنامه‌نوسی خسته ریزی قوربانیانی پیشه‌ی رۆژنامه‌وانی. به‌دڵێكی پڕ له ماته‌مه‌وه سه‌ری رێزمان بۆ هه‌ردوو شه‌هیدی ئه‌مساڵمان كاكه (وه‌دات حسێن) و كاكه (محه‌مه‌د سابت) داده‌نه‌وێنین، به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ین كه رێگه‌ناده‌ین له‌یادبكرێن و تاوانه‌كه به‌رامبه‌ریان به ئاسایی بكرێت له كۆمه‌ڵگادا، له‌م مینبه‌ره‌وه داوا له به‌رپرسانی پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیان ده‌كه‌ین رێگه‌بده‌ن به لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و چالاكی هه‌موو كه‌یسه‌كانی تاوان به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نوسان.
ماوه‌ته‌وه بڵێین وه‌ك ناڕه‌زایی و بێزاریه‌ك به‌رامبه‌ر پشتگوێخستنی پێشنیاره‌كانی ساڵانی پێشوترمان و له‌ئه‌نجامی كارنه‌كردنی جدی له‌سه‌ریان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه، ئه‌مساڵ كتومت هه‌موو پێشنیاره‌كانی ساڵی پێشومان له راپۆرته‌كه‌ماندا نوسیوه‌ته‌وه.
نا بۆ به ئاسایی كردنی پێشێلكاری و تاوان به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نوسان
پته‌وتربێت خه‌باتی مه‌ده‌نی و داخوازی كاری رۆژنامه‌نوسان
نه‌فره‌ت له بكوژانی رۆژنامه‌نوسان، سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م
PM:02:48:14/01/2017