وەزارەتی دارایی خۆشترین هەواڵی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند باری دارایی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 باشتر دەبێ


رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان، لەم چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕووداو موژدەی خۆش دەداتە فەرمانبەران و مووچەخۆران. ئەو دەڵێت ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ لە بەرزبوونەوە، ئەوا پێشبینی دەكات لە دوای نەورۆزی ئەمساڵەوە دەستكاریی سیستمی پاشكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێ‌. هەروەها دەڵێت كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سیستەمێكی نوێ‌ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدات و جیاواز بێ‌ لەو سیستەمەی بەغدا بۆی داناوە.

ڕابەر سدیق ڕایگەیاندووە " پێشبینی دەكرێت باری دارایی هەرێمی كوردستان لە 2017 باشتر بێت لە 2016. ئەم پێشبینییەش لەسەر بنەمای سێ گریمانەیە، ئەوانیش: یەكەم، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە ئەوا كاریگەری باشی دەبێت لەسەر داهات و باری دارایی هەرێمی كوردستان. دووەم، پێداچوونە و چاكسازی لە هەیكەلی وەزارەتی دارایی و باشتركردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی كوردستان. سێیەم، كەمبوونەوەی خەرجیی شەڕی داعش و تیرۆر. چونكە ئەم شەڕە بارگرانییەكی گەورەی لەسەر حكومەت دروستكردووە. بۆیە ئەگەر شەڕەكە سووكتر بێت، خەرجی و تێچوونی كەم دەبێتەوە. دەكرێت ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ خەرجیی شەڕ و تیرۆر بەكاردەهێنرێ‌، لە بری ئەوە بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەكاربهێنرێت. ئەنجام بڕێك پارەی زیاتر دەكەوێتە بازاڕ و كاریگەری لەسەر بازاڕ و كار و كاسبی دەبێ. بۆیە ئەگەر ئەم سێ گریمانەیە بێنەدی، پێشبینی دەكەم لە مانگی ئادار بە دواوە سەرەتاكانی باشبوونی باری داراییمان دەربكەون"

هەروەها وتووشیەتی " بە دڵنیاییەوە زیادبوونی داهاتی هەرێم كاریگەری دەبێت لەسەر مووچەخۆران. چونكە باشكردنی مووچەی خەڵكی ئامانجی لەپێشینەی حكومەتە. چەندین جار بەڕێز سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی جیا جیا ئاماژەی بەوە داوە هەر كاتێك باری دارایی حكومەت باش بێ، یەكەمجار پێویستە چاومان لە باشكردنی مووچەی خەڵكی بێت. بە باوەڕی من ئەم باشبوونەش لەسەر دوو هەنگاو دەبێ.

هەنگاوی یەكەم، دڵنیابوونە لەوەی حكومەت بتوانێ مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا بدات. هەنگاوی دووەم كە پێشبینی دەكرێت لە دوای نەورۆز دەست پێبكات، پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوت و زیادكردنی مووچە. چونكە گوزەرانی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی خراپە. بەڵام زیادكردنی هەر بڕە پارەیەك پێویستە بە دیراسە بێت و پێشتر دڵنیابین لەوەی بڕی پارەی پێویست هەیە بۆ خەرجكردنی."



PM:09:49:14/01/2017