کارەبای سلێمانی لەبارەی کۆکردنەوەی پارە هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، هەر کەسێک بەناوی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە پارە بۆ چاککردنەوەی محاویلەکان کۆببکاتەوە ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ 16/1 کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند "ماوەیەكە بەهۆی زۆربوونی كێشەكانی كارەباو سووتان و لەكاركەوتنی محاویلەی گەڕەكان، هەندێك حاڵەتی پارەكۆكردنەوە هەیە بەناوی كارەباوە بۆ كڕین و چاكردنەوەی محاویلەی كارەبا".

وتیشی "بەفەرمی و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین پارە لە هاوڵاتیان بۆ كڕین و چاكردنەوەی محاویلە پارەكۆبكرێتەوە، چونكە ئەوە ئەرك و بەرپرسیارێتی حكومەتە كە بەو كارە هەڵبستێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر كەسێك بەناوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەباوە پارە لە خەڵك بۆ چاكردنەوەی محاویلەی كارەبا وەربگرێت، ئەوا رووبەڕووی دادگای دەكەنەوە.

هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هێمای بۆ ئەوەش کردووە، بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووتانی محاویلەی كارەبا و لەچەند رۆژی رابردوودا بەهاوكاری پارێزگاری سلێمانی ٢٥ محاویلە كڕدراون، هەروەها لەئایندەیەكی نزیكدا ژمارەیەك محاویلە و كەرەستە و پێداویستی یەدەگی كارەبا دەگاتە گەنجینەكانی كارەبای سلێمانی و زۆری كێشە تەكنیكییەكان چارەسەر دەبن.



PM:03:15:16/01/2017