حکومەت بە نرخێکی کەم ئۆتۆمبیل دەداتە هاوڵاتیان

وەزارەتی بازرگانی عیراق بەشی كۆمپانیای گشتی بازرگانی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان بڕیاریداوە بە داشكاندنی نرخی ئۆتۆمبێلی كۆری و ئێران لە مۆدێلەكانی 2015 و 2016 و 2017 لەكاتی فرۆشتنی بە هاوڵاتیان و بڕێكی كەمیش بۆ تابلۆكەی وەردەگرێت.

ئەحمەد یاسین، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی ئۆتۆمبێل لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بڕیاریانداوە بە پێدانی هەلێكی تایبەتی بە هاوڵاتیان لە ڕێگەی داشكاندنی نرخی ئۆتۆمبێلی ئێرانی مۆدێل 2016 و 2017 و ماوەكەشی دیاریكراوە لەنێوان 1-1-2017 بۆ 31-3-2017.

ئەو بەرپرسە دەڵێت" شێوازی پارەدانەكە بەشێوەی كاش (نەقد)ی دەبێت و بڕی 500 هەزار دینار بۆ پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكە وەردەگیرێت".

جۆری، ئۆتۆمبیلەکان (بیجۆ بابل، تیبە1، بیجۆ ئەكەد، پیكاب ئەریدۆ، slx بەغدا، لیفان ئۆر عادی، لیڤان ئۆر ئۆتۆماتیك، لیڤان ئۆر 620، لیڤان ئۆر 320، سۆمەر).

بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی ئۆتۆمبێل ڕاشیگەیاندووە، بەهەمان شێوە نرخی 5% لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی جۆری كیای كۆری مۆدێلەكانی 2015 و 2016 كەمدەكرێتەوە لەكاتی فرۆشتنی بە هاوڵاتیان.

ئەو ئۆتۆمبێلە كۆری-یانەش، كە بە هەرزان دەفرۆشرێت بریتین لە جۆرەكانی، پیكانۆ، ڕیۆ، سیراتۆ، ئۆپتیما، كادێنزا، پیكاب 2700، kc پیكاب 2700، dc پیكاب 4000.




AM:09:55:18/01/2017