نێچیرڤان بارزانی لەبارەی موچەی فەرمانبەران لێدوانی فەرمی راگەیاند

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێترین لێدوانی دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و هەناردە كردنی نەوت راگەیاند.

ئەمرۆ 19/1، نێچیرڤان بارزانی  سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەسەرکردنەوەی پێشانگایەک لەناو شاری هەولێر، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ”یەکێتی و پارتی ڕێککەوتوون کە کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوامی پێ بدەن، ڕوئیایەکی هاوبەشمان بۆ گرفتەکانی کوردستان هەیە. کۆبوونەوەی داهاتوومان وردەکاریی کێشەکان و میکانیزمی دەستبەکاربوون باسی لێوە دەکرێت". جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوە مانای وا نییە، حزبەکانی دیکە لە کۆبوونەوەکاندا فەرامۆش بکرێن، بەڵکوو یەکێتی و پارتی بەرپرسیارێتیی زیاتر لە ئەستۆ دەگرن.

لەبارەی مووچەشەوە، جەختی لەوە کردەوە: "هەر کاتێک بارودۆخمان باش بێت، دەستکاریی مووچە دەکرێت”. لەبارەی ڕاگرتنی نەوتیشەوە ئاشکرای کرد کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی، بۆ ماوەیەکی کاتی، هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک ڕاگیراوە.

باسیشی لەوە کرد کە تائێستا بڕیار لەبارەی ئەوە نییە کە یەکێتی و پارتی بە هاوبەشی سەردانی لایەنەکان بکەن، بەڵام "وەک پارتی لاریمان نییە بە هاوبەشی سەردانی لایەنەکان بکەین”. گوتیشی: "گرنگە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەنێوان لایەنەکان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان لە کوردستان هەبێت”.



PM:12:45:19/01/2017