مامۆستایەكی ئایینی: هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه له حەج و دروستكردنی مزگه‌وت خێرتره
مامۆستا ئازاد خورشید، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتیی زانایانی ئاینیی كوردستان پێیوایە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە حەجی عەمرە‌و دروستكردنی مزگەوت خێری زیاترە.
مامۆستا ئازاد له دیدارێكی "وشه"دا داوا له مسوڵمانان ده‌كات، ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ حه‌ج و عومره‌یان داناوه، با بۆ هاوكاریكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه و چاره‌سه‌ركردنی بریندارانی شه‌ڕی داعش خه‌رجی بكه‌ن‌و دەڵێت: پڕۆژه‌ی خێرخوازی زۆرن خێرخوازان ئه‌نجامی بده‌ن، بۆ نموونه مانگانه سه‌تان كه‌س ناوی خۆیان بۆ عومره تۆمار ده‌كه‌ن و ئێسته وه‌رزی تۆماركردنی ناوه‌كانه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان بۆ فه‌ریزه‌ی حه‌ج ده‌رچووه، من به‌و به‌ڕێزانه ده‌ڵێم ئه‌و پارانه‌ی بۆ عومره و حه‌جتان داناوه، وه‌رن بریندارانی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یان پێ چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه له به‌ره‌كانی شه‌ره‌فدا له كاتی به‌رگریكردن له شه‌ره‌ف و نامووسی كه‌ركووكییان به تایبه‌تی و كوردستان به گشتی بریندار بوون، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و توانا دارایییه‌ی نییه ئه‌و هه‌موو برینداره چاره‌سه‌ر بكات، هێندێكیشیان ئه‌گه‌ر زوو فریایان نه‌كه‌وی هه‌تا هه‌تایه كه‌مئه‌ندام ده‌بن و په‌كیان ده‌كه‌وێ. منداڵانی شه‌هیدیش ئه‌و مافه‌یان له‌سه‌ر خێرخوازاندا هه‌یه پێداویستییه‌كانیان پڕ بكرێته‌وه و نازیان هه‌ڵبگیرێ. دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم، ئۆباڵتان به ئه‌ستۆم ئه‌و كارانه بكه‌ن خێری له عومره و دروستكردنی مزگه‌وت زیاتره.
PM:12:47:19/01/2017