بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم لەسەر مووچەو دەرماڵە زانیاری گرنگ بڵاودەکاتەوە

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان لەئەنجوومەنی وەزیران،  زانیاری گرنگ لەسەر مووچەو دەرماڵەو خەرجیەکانی حکومەتی هەرێم بڵاودەکاتەوە.

حكومەتی هەرێم لەبەرنامەیدایە پێداچوونەوە بەدەرماڵەی فەرمانبەراندا بكات، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستانیش رایدەگەیەنێت، ئەوەی لەدەرەوەی یاسا بێت دەبڕدرێت و دوو دەرماڵەی پیشەیی نامێنێت و دەشڵێت" لەئێستادا حكومەت (%71) ی ئەو پارەیە بۆ مووچەی تەواوی فەرمانبەران پێویستە دابەشی دەكات".

د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان لەئەنجوومەنی وەزیران بە ماڵپەڕی ئێس ئێن ئێن، رایگەیاند، لەكۆی (870) ملیار دیناری مووچەی تەواوی فەرمانبەران، لەئێستادا حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی زیاتر لە (600) ملیار دینار بۆ مووچە خەرج دەكات، بەم پێیەش حكومەت (%71) ی ئەو پارەیەی خەرجكردووە كە بۆ مووچەی تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆران پێویستە.

روونیشیكردەوە، پێشمەرگەو ئاسایش و هەندێك لەهێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ تەواوی مووچەكانیان وەردەگرن، هێزەكانی پۆلیسی وەزارەتی ناوخۆش رێژەیەكی كەمتر لەمووچەكانیان پاشەكەوت كراوە، بۆیە تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی بەشێكی زۆر لەمووچەكانیان پاشەكەوت كراوە.

سەبارەت بەدەرماڵەكان كە دەنگۆی ئەوە هەیە حكومەت بیبڕێت، (د. ئاراس خۆشناو) وتی، بیرۆكەی بڕینی تەواوی دەرماڵەكان، بیرۆكەیەكی پەسەند نەبووە، بۆیە رەتكراوەتەوەو منیش لەگەڵیدا نیم.

ناوبراو بۆ ماڵپەری ئێس ئێن ئێن وتیشی، حكومەتی هەرێم لەبەرنامەیدایە پێداچوونەوە بەدەرماڵەكاندا بكات، ئەوانەی لەدەرەوەی یاسای خەجكراون دەبڕدرێت، بەتایبەت پێداچوونەوە بەدەرماڵەی پیشەیی، چونكە بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ئێمە فەرمانبەرێكی زۆر هەیە كەزیاتر لەدوو دەرماڵە وەردەگرن، لەكاتێكدا بەگوێرەی یاسا نابێت، هیچ فەرمانبەرێك دوو دەرماڵەی وەربگرێت.

بەوتەی (د. ئاراس خۆشناو) دەرماڵەی خێزان و منداڵ نابێت دەستكاری بكرێت و ببڕێت، بەڵام دەكرێت پێداچوونەوە بەڕێژەی دەرماڵە تایبەتەكاندا بكرێت.



PM:08:19:20/01/2017