قوباد تاڵەبانی: پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا دەکەین

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبیت لە چاكسازیەكان بۆ بەدیهێنانی شەفافیەتی زیاتر لە داهاتەکان و ئەو سەردەمەش تێپەری کە بە ئیمزایەک ٢٥ هەزار کەس لە حکومەت دابمەزرێت".

دوای بە ئەلکترۆنی کردنی مەرزی باشماخ، لە بەرواری ٢٧-١١-٢٠١٦، ئەمڕۆ 25-1-٢٠١٧ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەیاوەری ڕابەر صدیق بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بەوەکالەت و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، سەردانی مەرزی حاجی ئۆمەرانی کرد وسیستمی بە ئەلكترۆنیكردنی مەرزەکەی كردەوە و سەرجەم بەشەكانیشی بەسەركردەوە.

دوای مەڕاسیمی کردنەوەی بە ئەلكترۆنیكردنی مەرزەکە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : هەنگاوێکی گرنگی   حكومەتی هەرێم بەڕووی چاكسازیی و شەفافییەتی زیاتر لە داهاتەكانی گومرگ، بە ئەلكترۆنیكردنی دەروازەکانە وبەستنەوەیان بەیەکەوە لەڕێی سیستەمێکی ئەلکترۆنیدا.

وتیشی "سیستمی بەئەلکترۆنی کردنی سیستەمی کاری گومرگەکان گرنگە بۆ زیادكردنی داهات و کەمکردنەوەی ڕۆتینات لە خاڵە سنوورییەكان، و جموجوڵی بازرگانیش زیندوتر دەکات ".

 سەبارەت بە پێداچونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، جێگری سەرۆکی حکومەت، وتی " پار ساڵ بڕیاری پاشەکەوت کردنی بەشێک لە مووچە درا، کە بە ویستی کەس نەبوو و کەسیشمان ڕازی نەبووین بەڵام حکومەت ناچار بوو، بڕیاری ئەوەشماندابوو کە ڕەوشی دارایی باش ببێت پێداچوونەوە دەکەین بەو سیستەمە، ئێستا بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونەکان و هاوکاری هەموو لایەک پێداچوونەوە دەکەین بەو سیستەمە لە بەرژەوەندی مووچەخۆران." دڵنیاییشی بە مووچەخۆراندا کە پارەی پاشەکەوت کراوی مووچەکانیان نافەوتێت و میکانیزمی تایبەتیشمان هەیە بۆ ئەو مەبەستە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چاکسازیەکانی حکومەت تەنها لە کەرتی گومرگ نین و هەموو سێکتەرەکانی تر دەگرێتەوە، و وتی" پێداچوونەوەمان کردووە بە سیستەمی باج و میکانیزمی کۆکردنەوەی باج و چۆنیەتی بەکار هێنانی وەک بوودجەیەکی حکومەت.  هەروەها بە ئەلکترۆنی کردنی کەرتی دارایی و کاڕگێڕی، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و کۆکردنەوەی داهات و خەجکردنی بەشێوەیەکی شەفافتر ."

هەر لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەت لە چاکسازیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ گرنگی تۆمار کردنی مووچەخۆران لە سیستەمی باێۆمەتریدا، و وتی" زیاتر لە ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە لەو سیستەمە، و پێویستە هەموو مووچەخۆران خۆیان تۆمار بکەن، چونکە دوای کۆتایی هێنانی وادەی پڕۆسەکە، مووچە نادرێت بەو کەسانەی کە خۆیان تۆمار نەکردووە."

وتیشی " دەبێت قەبارەی حکومەت بچووک بکەینەوە و ئەو سەردەمەش تێپەری کە بە ئیمزایەک ٢٥ هەزار کەس لە حکومەت دابمەزرێت".

هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران وتی " ساڵی ٢٠١٧ مان ناو ناوە (ساڵی رێکخستنەوە)، دەبێت هەموو کارەکانی حکومەت رێکتر بخرێنەوە و دواتر دەیسەلمێنین بە کردەوە کە ئێمە خزمەتکاری هاوڵاتیانین، و گەشبینیشین بەوەی ساڵی ٢٠١٧ گۆڕانکاری روو دەدات و ڕەوشەکە بەرەو باشتر دەڕوات."

سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و حکومەتی بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند : ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا، و هەندێک وەفد هەن سەردانەکانیان بەردەوامە و تا ئێستاش ئێمە بەشێکین لە عیراق بۆیە زۆر ئاساییە ئێمەش بڕۆینە بەغدا و ئەوان بێنە هەرێم و پەیوەندیەکی ئاساییمان هەبێت".

سەبارەت بە پلانی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی داهاتەکان وتی" قەیرانەکان بوونە وانەیەک بۆ ئەوەی بە سیستەمی کارەکانی حکومەتدا بچینەوە، دەبێت جگە لە پشت بەستن بەداهاتی نەوت، گرنگی بدەین بە کەرتەکانی وەک پیشەسازی و کشتۆکاڵ و کەرتەکانی تریش، بۆ ئەوەی هاوکار بن لە دابین کردنی بوودجە و سەرچاوەی داهاتمان زیاد بکەین".








PM:08:37:25/01/2017