عێراق لە پێشەوەیە وڵاتە "گەندەڵ"ەكاندایە

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لەساڵی 2016دا عێراق بە كوردستانیشەوە لە رێزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە كە زۆرترین گەندڵییان تێدا تۆمار كراوە.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا كە لەچەند ماڵپەڕێكی جیهانی بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات "دەوڵەتە عەرەبییەكان نەیانتوانیوە لە گەندەڵی نێو وڵاتەكانیان كەمبكەنەوە‌و قەڵاچۆی بكەن‌و سیستمێكی چالاك بۆ لێپیرسینەوە‌و سزادان دابڕێژن".

لەراپۆرتەكەدا هاتووە: هەریەك لە سوریا‌و عێراق‌و سوماڵ‌و لیبیا زۆرترین رێژەی گەندەڵییان تێدا تۆمار كراوە، رێكخراوەكە هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نائارامی سیاسی‌و ناكۆكیی ناوخۆیی‌و جەنگ‌و هەڕەشەكانی تیرۆر.

رێكخراوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات میكانیزمی رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە بەڕێوەبردنێكی سیاسی چالاك‌و لێكۆڵینەوە لەو پابەندییە نێودەوڵەتییانە دەبینێتەوە كە دەستبەری ئازادی بیروڕا‌و دادگایەكی سەربەخۆ‌و بەدادگایی گەیاندنی گەندەڵكاران دەكات.



PM:03:19:26/01/2017