سێ كۆڵبەر بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەستدا

ئێوارەی دوێنێ شەممە بەهۆی هەرەس‌و رنووی بەفر لە رۆژهەڵاتی كوردستان سێ كۆڵبەر گیانیان لەدەستدا.

ئێوارەی رۆژی شەممە 28/1  لە نزیک گوندی بێورانی سەر بە شاری سەردەشت رنووی بەفر بەسەر ژمارەیەک کۆڵبەردا هات، تاوەكو ئێستا 12 کەسیان دۆزراونەتەوە و تەندروستی 7 کەسیان باشە، گەڕان بۆ ئەگەری بوونی کۆڵبەری دیکەش لەژێر بەفردا بەردەوامە.
لەو رووداوەدا سێ كۆڵبەر بەناوەكانی عەلی محەممەد نەژاد تەمەن 18 ساڵ و خەڵكی سەردەشت، شێرزاد عەبدوڵڵاهی تەمەن 27 ساڵ و خەڵكی سەردەست، هیوا ئیبراهیمی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەستداوە.

جێگەی باسە رۆژی هەینیش 27ی كانونی دووەمی 2017، تیمێکی چوار کەسی لە شاخەوانانی بۆکان لە گەردەنەی خانی بانە کەوتنە ژێر رنووی بەفر و بەهۆیەوە دوو لە شاخەوانەكان بەناوی هەژیر قادریان و محیەدین سەلیمی لە شاخەکانی وەزنەی سەر بە گوندی قولقولەی شاری بانە گیانیان لەدەستدا.



PM:03:52:29/01/2017