یەكێتی لەسەر بەپارتی بوونی حەیدەر شەشۆ هاتە دەنگ

جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنەكەیان بووبێت بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لەمبارەیەوە زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكدا بە رادیۆی نەوای راگەیاند، رەتیدەكەینەوە حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنەكەمان بوبێتە پارتی، چونكە تا ئێستا ئاگادارنین لەوەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردبێت یاخود بووبێت بە پارتی. جگەلەوەی ئەندامی ئەنجومەنیشە، فەرماندەیەكی سەربازییە و لەو كەسانەیە لە سنوری شنگال بەرگرییەكی باشیكرد لەوكاتەی نەهامەتی بەسەر ئیزدییەكاندا هات.

وتیشی "هێزێكیان دروستكرد كە بەردەوام لە هەوڵدابوو بۆئەوەی ئەو هێزە بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە یاخود یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێنەكرا، ئێستاش پێیان راگەیاندوین ئەو هێزە دەخرێتە سەر هێزی پێشمەرگە. ئەگەر كاك حەیدەر وێنەیەكی گرتبێت لەگەڵ فەرماندەیەكی پارتی ئەمە دەلالەت لەوە ناكات بووبێت بە پارتی. بۆیە تا ئێستا ئەو دەنگۆیە رەتدەكەینەوە و ئەندامی ئەنجومەنە و یەكێتییە".



PM:03:58:07/02/2017