سەرکردایەتی پارتی کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمرۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی بارزانی کۆببێتەوە.

د. ئاراس حسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سەعات 10:30 خولەک، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە کۆ ببێتەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دەمێک بوو بڕیاربوو ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، کە تێیدا ھەندێک پرسی وەک گۆڕانکاریی نێوخۆیی و پێوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکوومەت و پڕۆژەکەی بارزانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەخرێنە ڕوو.

ئەو بەرپرسە لە درێژەدا لێدوانەکەیدا  دەڵێت" پێشتریش ئێمە تەئکیدمان لە دوو شت کردبووەوە؛ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەو پڕۆژەیەی (سەرۆک بارزانی) پێشکەشی لایەنەکانی کردبوو. پارتییش پڕۆژەیەکی بۆ گۆڕانکاری نێوخۆیی ھەیە، کە لە دوای کۆنگرەوە نەکراوە".



AM:10:16:08/02/2017