لەباشووری خانەقین ٥ چەکداری حەشدی شەعبی بەدەستی داعش دەکوژرێن

ھێزێكی حەشدی شەعبی شەوی رابەردوو ٢/١١ دەكەوونە بۆسەیەكی داعشەوە و بەو ھۆیەوە پێنج چەكداری حەشدی شەعبی لە لیواكەی كورد كوژراون.

عامر رەفعەت، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابردوو، چەكدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە ناوچەی وادی غوراب و ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجام داوە، بۆیە كەوتوونەتە بۆسەیەكی داعشەوە و بەو ھۆیەوە پێنج چەكداریان كوژراون كە خەڵكی خانەقینن".

رەفعەت وتیشی " ئەو چەكدارانە لە لیوا كوردەكەی حەشدی شەعبی ژمارە١١٠ـن لە فەوجی دوون، كەئامرفەوجەكەیش ناوی ئەبوومونەتەزرـە و كوردە ئەویش بریندار بووە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەو بەرپرسە ئاشکرای دەکات داعش لە ئێستادا جموجۆڵی لە ناوچەكە ھەیە و پێش چەند رۆژێكیش ھاوەنێكی دیكەیان ئاڕاستەی حەشدی شەعبی كرد و، بەو ھۆیەوە سێ چەكداریان بریندار بوون.



AM:11:04:12/02/2017