بەهۆی بەفرەوە دەرگای قوتابخانەكان لەچەندین شار داخرا

بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر‌و سەرما دەرگای ژمارەیەك لە قوتابخانەكانی چەندین شاری رۆژهەڵاتی كوردستان داخراون.

لەمبارەیەوە بەرێوەبەرایەتیی رێگەوبانەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند "لە ئەنجامی بەفربارینی رۆژانی رابردوودا، رێگەی 500 گوند داخرابوون، تائێستا رێگەی 300 گوندیان کراونەتەوە، بەڵام رێگەی 200 گوندی دیکەیان هێشتا بە بەفر گیراون".

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنەش رایگەیاند "بەهۆی سەرما و سەهۆڵبەندانەوە، سەرجەم قوتابخانەکانی: سەقز، بانە و زێویە لە دەوامی بەیانیاندا داخراون. هەروەها لە شاری بیجاڕیش قوتابخانەکانی قۆناخی سەرەتایی داخراون".

لە پارێزگای ورمێش، بەفر هەتاوەکو ئێستا رێگەی هاوتووچۆی لە خەڵکی 393 گوند گرتووە. بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی رێگا و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ، رێگای 185 گوندی سەربە شاری ورمێ، شارەکانی سایین قەڵا و سەردەشت، هەریەکەیان 50 گوند، پیرانشار و بۆکان هەریەکەیان 30 گوندیان داخراون.

بەهەمان شێوەی سنە، لە پارێزگای ورمێش قوتابخانەکانی هەندێک ناوچە داخراون، هەروەها بەهۆی سەرما و سەهۆڵبەندانەوە لە هەندێک لە شارەکانی ئەو پارێزگایە درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆی، دەوام دەکرێتەوە.



PM:02:39:19/02/2017