هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد هێرشێکی توند دەکاتە سەر کۆمپانیای نۆکان‌و " مافیاکانی " نێو ئەو کۆمپانیایە

لە نووسینێکی نوێدا هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد هێرشێکی توند دەکاتە سەر گرووپی کۆمپانیاکانی نۆکان و دلێری سەید مەجید ئەو پیاوەی هەموو شتێکە لەکۆمپانیای نۆکاندا. 

لەو نووسینە نوێیەدا کە بەناونیشانی " ئەکەن سواڵی نەوت لە بەغدا وئێران..ئەی بۆ کەس ناڵێ کوا نەوتی نۆکان؟" سەرەتا باس لەو قەیرانە دەستکردەی ئەمڕۆی کوردستان دەکات و بە "دەستکرد" ناوی دەبات و، و دەڵێت" ئەم قەیرانە داراییە دەستکردە، ژیانی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی گەیاندوەتە ئاستی هەژاری و برسییەتی. ڕاستە تاوانباری یەکەم حکومەتی شکستخواردوی هەرێمە، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیش بەو هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابووریەوە کە لە ناوچەی خۆیدا هەیەتی، لە بەر ئەم هۆکارانە، تاوانی بەشێکی ئەم وەزعەی ئەکەوێتە ئەستۆ: یەکەم، ئیفلیجبوونی ناوەندێ بڕیار لە ناو یەکێیتیدا، کە مەکتەبی سیاسیە. دووەم، دەستگرتنی باڵی دارایی یەکێیتی، کە نۆکانە، بەسەر زۆربەی جومگەکانی ئابووری، بازرگانی، ووزە، هتد لە زۆنی ڕەنگاوڕەنگدا. سێیەم، قۆرخکردنی هەندێک بواری ئابووری ناوچەکە لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێیتیەوە. لێرەدا ئەمەوێت تەنها باسی نۆکان بکەم".

برای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هەڵۆ، رای کەمال فواد باس دەکات لەسەر کۆمپانیای نۆکان کە ماوەیەک پێش نەخۆشکەوتنی کراوە بە سەرپەرشتیاری ئە وکۆمپانیایە چەند ساڵێک، دەڵێت" سەردانی خوالێخۆشبوو د. کەمال فوادم کرد، کە یەکێک بوو لەو کەسایەتیە دەگمەنانەی زۆر بوێر و دەستپاک و خاوەن هەڵوێست بوون لە ناو م.س.ی یەکێیەتیدا. کاک کەمال چەند مانگێک بوو بەرپرسیاریەتی دۆسییەی نۆکانی پێ درابوو. لێم پرسی: "کاک کەمال، زانیاریم هەیە کە نۆکان گەندەڵیەکی زۆری تێدایە، هیچت بەرچاو کەوتووە؟". کاک کەمال هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و ووتی:" باوەڕکە ئەگەر ساڵێکی کەش خەریکی فایەلەکانی دلێری سەید مەجید بم، هێشتا سەری لێ دەرناکەم!".

ناوبراو لەسەر دەسەڵاتی نۆکان دەڵێت" نۆکان، کە دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە لەم ناوچەیەدا وە لە هەموو یاسایەک بەدەرە، ملیاردەها دۆلاری کۆ کردۆتەوە لە پرۆژەی خانوو، کشتووکال، بازرگانی جگەرە، وەرگرتنی تەندەری حکومەت، ووزە، ...هتد، هەروەها خاوەنی هەزاران دۆنم زەویە کە بەنرخێکی یەکجار کەم، یاخوود بێ بەرامبەر دەستی کەوتووە".

لەرووی مێژژوویەوە، هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر بیرۆکەی دروستبوونی نۆکان و ئەنجامەکەی دەڵێت" بیرۆکەی دامەزراندنی نۆکان ئەوەبووە کە بتوانی هێزی پێشمەرگە، خانوادەی شەهیدان ودامودەستگاکانی یەکیێتی بژیێنێ، بەڵام ئەوەتا ئەبینین ئەم لایەنانە حاڵیان چۆنە لەم بارودەخەدا. سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵات و پارەیە، تا ئێستا نۆکان بیری لە یەک پرۆژەش نەکردۆتەوە کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی دەڤەری دەسەڵاتی یەکێیتی سوودێکی هەبێت، تەنها و تەنها بیری لە سەرکووتکردنی بازاری کراوەو بازرگانی ئازاد کردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆی".

سەبارەت بە رۆڵێ نێگەتیفی نۆکان، هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت " نۆکان هۆکاری یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی ناو یەکێیتی؛ هەموو باڵەکانی یەکێیتی ئەزانن سەرچاوەی دارایی لای کێیە، بەڵام کەس جورئەت ناکات ناوی بهێنی! دواتر یەکتر تۆمەتبار ئەکەن بەوەی لایەنێک دەستی بەسەر سەروەتوسامانی یەکێیتیدا گرتووە. هۆکاری ئەوەش کە کەس ناوێرێ ناوی دلێری سەید مەجید بهێنێ ئەوەیە کە ناوبراو ئەتوانێ بوودجەی ئەو کەس و لایەنانە ببڕێ. زۆر جار رووی داوە کە دلێر مووچە، نەسریە یان پارەی سەفەری ئەندامێکی سەرکردایەتی بڕیوە لەبەر هۆکارێکی سیاسی یان شەخسی".

سەبارەت بە موڵک و ماڵی نۆکان، هەڵۆ ئیبراهیم زانیاری ئاشکرا دەکات" لە کاتێکدا کە سەرکردایەتی یەکێیتی سەرقاڵی باڵباڵێنن، نزیکەی ٧٠٪ ی موڵکی نۆکان لەسەر دلێر و کەسانی دەوروبەری تاپۆ کراون. نۆکان تەنها لە بریتانیا زیاد لە ١٠٠ ملیون دۆلاری داوە بە باڵەخانە و موڵك، ئەویش لەسەر خەڵکانی نزیکی دلێر تاپۆ کراون".

هەڵۆ ئیبراهیم ئەوانەی ناو نۆکان بە "مافیا" ناوزەد دەکات و، دەڵێت" ئەو مافیایەی نۆکان کە دلێری سەید مەجید ڕابەرایەتیان ئەکات، مووچەیەکی ئاساییان هەبوو کە دەستیان بەکار کرد، بەڵام ئەمرۆ ئەو کەسانە بێزیان نایەت بە ملیۆنەها دۆلار بڵێن پارە (بۆ نمونە شێخ ئەحمەدی نۆکان). بۆچی ئەبێ منێکی هیچکارە ئەم هەموو ڕاستیانە بزانم، بەڵام مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک. لە گوێی گایا نووستبێت؟".

لەسەر نەوت و گازی ناوچەکانی یەکێتی، هەڵۆ رای خۆی دەڵێت "یەکێک لە پرۆژەکانی نۆکان، پاڵاوگەی بازیانە، کە دلێر لە ٤٩٪ی فرۆشتوە بە کۆمپانیای قەیوان. ئەم پاڵاوگەیە رۆژانە نزیکەی ٦٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی (کیرۆسین) بەرهەم دێنێت، جگەلە بەرهەمی تر. بەڵام، لەبەر ئەوەی نۆکان و قەیوان قەرزێکی چەند سەد ملیۆنیان داوە بە وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامی (بۆ؟؟) ئێستا نەوت وەرئەگرن لە جیاتی ئەو قەرزە، ئەیپاڵێون، ئەیفرۆشن و قازانجەکەی ئەچێتە گیرفانی نۆکان و قەیوانەوە! کە نەوتی سپی و گازۆیل و بەنزین هەیە لە بازیان، وە لەژێر دەسەڵاتی خۆتاندایە، عەیب نیە سواڵ ئەکەن لە بەغدا و ئێران؟". 

لە کۆتایی وتارەکەیدا ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" باشە چی رووئەدات ئەگەر نەوتی بازیان کە موڵکی خەڵکە، لەم بارو دۆخە ئابووریە وێرانەدا، بۆ چەند مانگێکیش بێت بە بێ بەرامبەر بدرێتەوە بە خەڵک؟ بۆچی بەنزین و گازۆیلەکەی نۆکان بە بی قازانج نافرۆشنەوە بە خەڵک؟ ئەگەر ئەوەشتان بەلاوە زۆرە، لانی کەم بەبێ بەرامبەر بیدەن بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی یەکێیتی. ئایا ئەوەندە زەحمەتە بۆتان لە نێوان خەڵک و جەردەکانی نۆکاندا هەڵبژێرن؟".



AM:12:51:21/02/2017