بەرهەم ساڵح چاوەڕوانی "بەرهەمە"

مەحمود سەنگاوی ئەندامی یەکێتی لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنی بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت" د.بەرهەم دەڵێت تا بەرهەمی دەسپێشخەریەكەی بافڵ تاڵەبانی نەبینم بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەم".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەحمود سەنگاوی دەڵێت" د.بەرهەم دەڵێت تا بەرهەمی دەسپێشخەریەكەی بافڵ تاڵەبانی نەبینم بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەم، چونكە كێشەكانی یەكێتی بەدانان و لابردن چارەسەرناكرێت".

لەسەر بەشداریکردنی بافڵی کوڕی تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدا کە هیچ سیفەتێکی حیزبی نی یە، سەنگاوی دەڵێت" بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەرییەكی خستووەتەڕوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی، ئەوەش هۆكاری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بووە. بەڵام بافڵ تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، تەنها كوڕە گەورەی مامە، لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا دادەنیشێت و گوێ دەگرێت".

سەبارەت بەنەمانی باڵی ناوەندی بڕیار، سەنگاوی دەڵێت" ناوەندی بڕیار هەڵنەوەشاوەتەوەو هەڵیش ناوەشێتەوە‌ تا ئەوكاتەی یەكێتی دەكەوێتەوە سەر سكەی خۆی. ناوەندی بڕیار واتای دەركردنی بڕیارە لەلایەن جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە، بەڵام تا ئێستا ناوەندی بڕیار لەبەر پاراستنی یەكڕیزی یەكێتی هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووە".



AM:10:30:26/02/2017