بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەكاتەوە

لەبارەی خۆسووتاندنی هاوڵاتیەك لە بەندیخانە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.


دەقی ڕوونکردنەوەکە:

روونکردنەوەیەک لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش

سەبارەت بە روداوی خۆسوتاندن و گیان لە دەستدانی (علی حسین جاسم) رای گشتی و کەناڵەکانی راگەیاندن لەم ڕاستییانە ئاگادار دەکەینەوە:

هاوڵاتی (علی حسین جاسم) لە دایکبووی ساڵی (1984) و دانیشتووی کۆمەڵگای تەناهی سەر بە قەزای سێمێل بووە لە دهۆک، بەکارهێنەر و فرۆشیاری ماددە هۆشبەرەکان بووە و لە 28/4/2013 بە پێی مادە (14) لە یاسای مادە هۆشبەرەکان، بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی دهۆک، بە ساڵێک بەندکردن سزادرا بوو، لەبەر ئەم هۆیەش لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە دوورخرابووەوە.
جارێکی دیکە لە رێکەوتی 14/2/2017 بە تۆمەتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر و کارکردنی لە چوارچێوەی باندێکی شەش کەسیدا، بە پێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، بە بڕێک مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا و رەوانەی بنکەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دهۆک کرا.

لە کاتێکدا تۆمەتباری دەستگیرکراو گەیەندرابووە بنکەکە و ئامادەکاری دەکرا بۆ ئەوەی لیکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵدا بکرێت، تۆمەتبار بە سوودوەرگرتن لەو سۆپا نەوتییەی لە ژوورەکەدابووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دەستبەجێ کارمەندانی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دهۆک، ناوبراویان گەیاندە نەخۆشخانە و بنەماڵەکەشیان لەوبارەیەوە ئاگادار کردەوە، بەڵام دوای 11 رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری و چاودێری پزیشکی، لە نەخۆشخانەی تایبەت بە سوتان لە دهۆک گیانی لەدەستدا. بەپێی راپۆرتی پزیشکیش رێژەی سوتانەکەی 45% بووە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش/ هه‌ولێر
٢٠١٧/٢/٢٧



PM:04:40:27/02/2017