" بافڵ تاڵەبانی رەوتی گفتوگۆکانی مەکتەبی سیاسی دەگەیەنێتە مام جەلال"

لەسەر بەشداریکردنی بافڵ کوڕە گەورەی تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت" بافڵ  رەوتی گفتوگۆکانی مەکتەبی سیاسی دەگەیەنێتە مام جەلال".

لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی ئاوێنە لەگەڵ فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت" بافڵ تاڵەبانی نوێنەرایەتی مام جەلال دەكات لە كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیدا".

سەبارەت بە ئامادەبونی بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بێ ئەوەی هیچ پۆستێكی حزبی هەبێت، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەکەی رایگەیاندوە" بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكاندا بەشداری گفتوگۆكان ناكات و رای خۆی لەبارەی بابەتەكانەوە ناڵێت، بەڵام بۆچونەكان و رەوتی گفتوگۆكان بە مام جەلال دەگەیەنێت و بەشێوەیەكی فەرمی نوێنەرایەتی مام جەلال دەكات لە كۆبونەوەكاندا.

لەبارەی دەستكاریكردنی پرۆژەی نەخشەڕێگاكەی حزبەكەشیان، ئەسەسەرد دەڵێت "گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر نەخشەڕێگاكەی یەكێتی كراوە و هەموو پێشنیار و تێبینییەكان لەلای منە و زۆرن، لەبەرئەوە دەبێت جارێكی دیكە دابڕێژرێتەوە".

هەروەها ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە وەفدێكی سەركردایەتی حزبەكەیان سەردانی بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی دەكات بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی.



AM:11:11:28/02/2017