هەواڵێکی خۆش بۆ بەکار‌هێنەرانی ئینتەرنێتە خۆڕاییەکە لە کوردستان

سەرۆکی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ ڕایگەیاند کە لەمەودوا بێ بەرامبەر دەتوانن بە کارهێنەرانیان هاوشێوەی فەیسبووک، ماڵپەڕی ویکیپیدیا بکەنەوە.

لە پێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، فاروق مەلا مستەفا ڕایگەیاند "لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل له‌ وڵاتی ئیسپانیا هەر یەک لە ئاسیاسێڵ و دامەزراوەی ویکیمیدیای جیهانی پرۆژەیەکی هاوبەشیان راگەیاند کە بەهۆیەوە ئاسیاسێڵ بێبەرامبەر خزمەتگوزارییە مەعریفییەکانی ئینسایکلۆپیدیای جیهانی ویکیپیدیا بۆ ١٢ ملیون هاوڵاتی کوردستان و عێراق دابیندەکات بەبێ ئەوەی ئەو بەشداربوانە پێویستیيان بە چالاککردنی ئینتەرنێت بێت لەمۆبایلەکانیانەوە، ئەمەش بە ئامانجی دەستڕاگەیشتنی بەشداربوان بە وەرگرتنی زانست و زانیاری و بەشداریکردن لە نووسین و گەشەپێدانی ئەم ئینسایکلۆپیدیا گرنگە".

هەروەها دەڵێت "بەو هیوایەی وڵاتەکەمان پێشبکەوێت وهاوڵاتییان سوود لە زانست وزانیارییەکان وەربگرن. سوپاسی کارمەندانی ئاسیاسێڵ و ویکیپیدیا دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە مەعریفییە".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە هاوڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی فری و بە خۆڕایی لە ئێستادا ماڵپەڕی فەیسبووک بکەنەوە لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە.



PM:09:49:01/03/2017