یەکێتی: بۆ راگرتنی شەڕ پێویستە لە ئاستی بالآ ناوبژیوانی بکرێت

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شەنگال رایگەیاند" هەر دوو لایەنی ناکۆک هێزێکی زۆریان هێناوەتە ناوچەی سونێ، زەحمەتە لەرووی مەیدانیەوە بتوانین بارودۆخەکە هێوربکەینەوە، پێویستە لەسەرەوە لە ئاستە بالآکانی لایەنەکان هەولێ چارەسەر بدەن".

جەمیل خدر لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگال یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسپی راگەیاند" شەڕەکەی بەیانی ئەمرۆ سێ کاتژمێری خایاندووەو ئێستا هەر لەدوورەوە شەڕە تەقە هەیە، بەس هێرش بۆ سەر یەکتر راوەستاوە".

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەمیل خدر وتی" پێشمەرگەی یەكێتی نابێتە بەشێك لەو شەڕەی لەسنوری شەنگال رویداوەو هەموو هەوڵەكانیشیمان بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكەیە".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێتی بەهیچ شێوەیەك نابێتە تەرەف لەوەی رویداوەو بەردەوام هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكە بووە وەك پێشتریش هەوڵیداوە.

جەمیل خدر مەترسی خۆی نەشاردەوە کە ئەگەر ئەو کێشەیە پەرەبسێنێت شەڕێكی دژوار رودەدات، لەكاتێكدا خەڵكی شەنگال شایەتی ئەوەنین كە ناوچەكەیان ببێتە شوێنی یەكلایكردنەوەو مەیدانی ناكۆكییەكان كە شەنگالییەكان زەرەرمەندی یەكەمن و قوربانی زۆریانداوە.



PM:03:16:03/03/2017