لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت

دژی شەڕی سنونێی ناوچەی شەنگال لەنێوان هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و پێشمەرگەکانی رۆژئاوا، تاڤگەری ئازادی خۆپیشاندانێک سازدەکات.

وا بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ٣ ی پاشنیووەرۆ لەشەقامی سالم ( سەهۆڵەکە ) تاڤگەری ئازادی کوردستان خۆپیشاندانێک سازدەکات بەرەو باخی گشتی، بۆ مەحکومکردنی " ئەو هێرشەی دوێنێ پێشمەرگەکانی رۆژئاوا لە سونێنێ کردوویانەتە سەر کۆمەڵگای خانە سۆر".

لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ سپی نێردراوە تاڤگەری ئازادی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " رێكەوت نیە دوایی سەردانەكەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق مەسعود بارزانی بۆ توركیا هێرشەكان لەرۆژئاوا چڕبوونەوەو لە شەنگالیش بەناوی هێزەكانی پێشمەرگەی "رۆژ" هێرش كرایە سەر یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال و یەكینەكانی ژنی شەنگال. ئەمەش ئەو راستیە دەردەخەن كە هێرشەكان لەئەنقەرەوە پیلانیان بۆدانراوەو جێگای داخیشە كە بەدەستی كورد جێبەجێ دەكرێت، كە ئامانج لێی هەڵگیرساندنی شەڕی كورد بەكورد و لەباربردنی دەستكەوتە وەدەستهاتوەكانی كوردستانن".

تاڤگەری ئازادی داوا لە لایەنە لایەنە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەکات " بانگەوازی لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكان و رێكخراو و كەسایەتیە وڵاتپارێزەكان و جەماوەری بەشەرەفی باشوری كوردستان دەكەین، كە رۆڵ بگێڕن لەپوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانە قێزەونە". 

دوێنی بەرەبەیانی هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن پارتیەوە رێکخراون و وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان دەدات چوونە ناوچەی سنونێ و لەوێوە پێشڕەویان کرد بۆ ناوچەکانی کۆمەڵگای سۆرو شەڕو پێکدادان لە نێوان ئەوان و ‌هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال روویداو چەندان کوژراو و بریندار لە هەردوولا هەیە. 



PM:12:47:04/03/2017