سەبارەت بە دەرماڵەی مامۆستایان زانیاریی نوێ بڵاودەبێتەوە

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ریگەیاند: میکانیزمی پێدانی دەرماڵەی رێکخراوە ئەڵمانیەکە گۆڕانکاری تێداکراوە و لەم بارەیەوە زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات.

عەبدولواحید محەمەد سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند: بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن رێکخراوە ئەڵمانیەکەوە بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار دابینکراوە، لیژنەیەکی تایبەت لەلایەن ئەو رێکخراوەوە بەدواداچوون بۆ دووری قوتابخانەكان لەشوێنی نیشتەجێبوونیان دەکات و دواتر پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان رونیكردەوە کە ئەو رێکخراوە ئەڵمانییە کارەکانی لە پارێزگای دھۆک تەواو کردووە و لەئێستادا لە ھەولێر دەستبەکاربوون و دواتریش دەچنە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان.

عەبدولواحید محەمەد بۆ snn سەبارەت بەشێوازی پێدانی دەرماڵەکەش بەمامۆستایان وتیشی: پێشتر بڕیاربوو ئەو دەرماڵەیە بە دوو وەجبە بدرێتە مامۆستایان، واتا ھەر وەجبەی پارەی دوو مانگیان پێبدرێت، بەڵام دواتر میکانیزمی پێدانی ئەو دەرماڵەیە بەمامۆستایان گۆڕدرا و بڕیاردرا ھەر چوار مانگەکە بەسەر یەکەوە ئەو دەرماڵەیە بەمامۆستایان بدرێت.

ناوبراو وتی: زۆر ھەوڵمانداوە مامۆستایانی بەشی خوێندنی کوردی لەکەرکوک لە وەرگرتنی دەرماڵەی رێکخراوە ئەڵمانیاییەکە سوودمەندببن، بەڵام بەرپرسان و نوێنەرانی رێکخراوەکە رایانگەیاندووە کە ناتوانن ئەو دەرماڵەیە بۆ مامۆستایانی کەرکوک دابین بکەن.



PM:09:15:06/03/2017