"هێزە رەشەکەی یەکێتی لەکۆمپانیای نەوتی باکور پاشەکشەی کرد"

ئەو ‌هێزەی یەکێتی کە بە‌ "هێزە رەشەکە" ناسراوە لە کۆمپانیای نەوتی باکور کشایەوەو هێزێکی پۆلیسی پاراستنی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان لە شوێنیان جێگیر كران.

 لەگەڵ تەواوبوونی ئەو کاتەی یەکێتی داینابوو بۆ مانەوەی ‌‌"هێزە رەشەکە"ی لە کۆمپانیای نەوتی باکور، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی راگەیاند، یەکێتی بڕیاریدا ئەو هێزە پاشەکشە پێ بکات و هێزێکی پۆلیسی پاراستنی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان لە شوێنیان جێگیر كران.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد دوای سەردانی عەبادی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و، ئەو دیدارو کۆبوونەوانەی لەنێوان پارتی و یەکێتی لە ستاڤی حکومەت کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەنجامدران،  لە ئەنجامی هەموو ئەو دیدارانە، یەکێتی بڕیاری دا پاشەکشە بەو هێزە بکات و هێزێکی ئەو لیوایەی یەکێتی لە شوێنی جێگیرکرد کە سەر بە یەکێتین و، بە هێزێکی پۆلیسی پاراستنی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ناسراون. 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو" وابڕیاره‌ ڕۆژانه‌ كۆمپانیایی نه‌وتی باكور 20 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو له‌ ڕێی تانكره‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی پاڵاوتگایی بازیان بکرێت".

پێتشتر لەگەڵ هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بۆ ناوچەکانی نزیک کەرکوک بەبڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رۆژی ١٠/٧/٢٠١٤ بیری ئاڤاناو بای حەسەن کە رۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت لەلایەن لیوایەکی پارتی کە سەر بەپۆلیسی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە کۆنترۆڵکرا، ئەمڕۆش هاوشێوەی ئەو هەنگاوە یەکێتی لیوایەکی خۆی سەر بەهەمان وەزارەت ناردە کۆمپانیای نەوتی باکور لە جێگای ‌‌هێزە رەشەکەی ئەو حیزبە.



PM:05:42:08/03/2017