بە وێنە.. ژنێکی کورد بەدەستی هاوسەرەکەی سوتێنرا

خانمێکی کورد ڕۆژی 3/3/2017 لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنرا. وەفا تا نیوەڕۆی دووەمین رۆژی سووتانەكەی دەیتوانی قسە بكات، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەكەی كە 91% بوو، ئێستا زمانی لەگۆ كەوتووە. ئەو زۆر هەوڵی دەدا قسە بكات، بەڵام دەنگەژێكانی بەیەكجاری لەكاركەوتن،

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ڕووداو وەفا خدر حەمەئەمین، كاژێر 6ـی ئێوارەی رۆژی 3/3/2017 لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سووتێنرا و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر كرا. بەپێی قسەی پزیشكەكان، رێژەی سووتانەكەی 91% و پلەی سووتانەكەی 3یە. هەموو جەستەی سووتاوە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكدایە. هاوژینەكەشی لەلایەن پۆلیسی چۆمانەوە دەستگیركراوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە "وەفا خدر، تەمەن 26 ساڵان، 10 ساڵە شووی بە (ه) كردووە كە كوڕی پووری خۆیەتی. وەفا تاوەكو قۆناغی سێی ناوەندی خوێندبوو، بەڵام بەهۆی بەژن بەرزی و جوانیەكەیەوە ماڵی پووری حەزدەكەن بۆ كوڕەكەیان بیخوازن. ئەگەرچی ئەوكات وەفا تەمەنی تەنیا 16 ساڵان بوو، بەڵام ماڵی پووری چەند جارێك دەچنە داوای، بۆیە كەسوكارەكەی رازی دەبن، وەفاش نایەوێت قسەی باوكی بشكێنێ و شوو بە (ه) دەكات"

وەفا لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە یەكپارچە سپی پۆش بوو. هەرچەندە سەرتاپا سووتابوو، بەڵام ئاگر نەیتوانیبوو جوانیی روخساری بشێوێنێ. وەفا تا نیوەڕۆی دووەمین رۆژی سووتانەكەی دەیتوانی قسە بكات، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەكەی كە 91% بوو، ئێستا زمانی لەگۆ كەوتووە. ئەو زۆر هەوڵی دەدا قسە بكات، بەڵام دەنگەژێكانی بەیەكجاری لەكاركەوتن، ئەو پێشتر بەردەوام دەیگوت "غەدرم لێكرا، كوڕەكەم شایەتە، مێردەكەم سووتاندمی، ویستی بێدەنگم بكات لەسەر كارە خراپەكانی".


پەروین، دایكی وەفا، دەڵێت "كچەكەم 10 ساڵە بە نامورادی دەژی، لەژێر هەڕەشە و لێداندا بوو، چەندین جار پێیدەگوتم دایكە (ه) لێمدەدات، كارناكات، چی دەستبكەویت دەیدات بە مەشروب و حەشیش، نامەی ئافرەت لەناو مۆبایلی دەبینم. پارەی پێبێت شەویش ناگەڕێتەوە ماڵەوە و كاری خراپ دەكات، بەڵام لەبەر دوو منداڵەكەم دەستم بەستراوە و هیچم پێناكرێت".

پەروین بەدەم گریانەوە وتوشییەتی"عەسر بوو، وەفا تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی دایە سەرباری ئەو هەموو نەهامەتییە، نەخۆشم و پزیشك دەڵێت تووشی نەخۆشییەك بوویت لە رەحمت، بۆیە دەبێت پارچەیەك لە رەحمت ببڕدرێت، ئەوەم بە هیوا گوت، بەڵام لەبری دڵدانەوە، شەقی تێهەڵدام و ناوسكم هەمووی شین بووەتەوە، بۆیە بەرگە ناگرم و تەواو منیش دڵیم دایەوە و پێمگوت خەم مەخۆ هەموو شت باش دەبێت، وەرەوە ماڵی باوكت".

وەفا خدر خاوەنی كوڕ و كچێكە، رەوای كوڕی تەمەنی 9 ساڵانە و مەروەی كچیشی تەمەنی چوار ساڵانە، ڕەوا کە تاکە شایەتی ڕووداوەکەیە دەڵێت"پۆلی سێی سەرەتاییم و لە قوتابخانە مامۆستاكان بە باوكمیان گوت كوڕەكەت تەمبەڵە، باوكم منی هێنایەوە ماڵەوە و دەستی بە لێدانم كرد، زۆری لێدام، دایكم باوەشی پێداكردم و ویستی لە زللە و شەقەكانی باوكم بمپارێزێت، بەڵام باوكم بە شەق و بۆكس لە دایكیشمی دا، بۆیە دایكم گریا و گوتی خۆم دەسووتێنم. دەبە نەوتێكی هێنا و كەمێكی بە قاچیدا كرد، من رامكرد، بەڵام باوكم گوتی پێویست ناكات خۆت بسووتێنی، من دەتسووتێنم، بە منی گوت چەرخێكم بۆ بێنە، بەڵام من بۆم نەهێنا، باوكم هەڕەشەی لێكردم كە ئەگەر نەیهێنم، دایكم و من و خوشكە بچووكەكەشم دەسووتێنێ".

منداڵی ئەو ژنە وتوشییەتی "دواتر باوكم نەوتەكەی بە دایكمدا كرد و چەرخەكەی بەدەستەوە بوو، دایكم ترسا و گوتی وامەكە، بەڵام باوكم گوتی خۆم دەسووتێنم، بۆیە بەبەرچاوی منەوە چەرخەكەی لە سینگی دایكمدا و هەموو لەشی بوو بە ئاگر، من ئاوم پێدا كرد بۆ ئەوەی ئاگرەكە بكوژێنمەوە. دایكیشم دەیقیژاند و لە هۆڵەكەوە رایكرد بۆ حەوشە.

جەرجیس خەزووری ئەو ژنە و باوکی ئەو پیاوەیە کە هاوسەرەکەی سوتاندووە و دەڵێت "باوكی بووم، ئێستا كوڕێكم نییە بەناوی (ه) خاوەنی 10 منداڵم، خەڵك شاهیدە چۆنن، تەنیا ئەو كوڕەم بەهۆی رەفیقی خراپ وا بە لاڕێداچوو. ئامۆژگاریم كرد، چەندینجار كارم بۆ دۆزییەوە و خۆم و چوار كوڕم یارمەتیمان دەدا، بەڵام نەهاتە سەر رێی راست، بووكەكەم مەرد بوو، لە كچی خۆم خۆشترم دەویست. نۆ مانگ پیاوەكەی لە زینداندا بوو، بەڵام بچووكترین هەڵەمان لێنەبینی، سەری بەرزكردبووین، بووكەكەم حەزی خۆی مراندبوو، بۆ دوو منداڵەكەی دەژیا، بۆیە لەلای مێردەكەی مابووەوە".

جەرجیس لە کۆتاییدا دەیەوێت حکومەت کوڕەکەی بدەنەوە و دەڵێت "بەس بمدەنەوە بە دەستی خۆم دەیكوژم".



PM:12:02:10/03/2017