لەبارەی "سوکایەتیکردن" بەوەفدی پارتی و سۆسیالیست ڕونکردنەوە دەدرێت

لەبارەی بایکۆتکردنی ڕێوڕەسمی یادی ٢٩ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە لەلایەن پارتی و سۆسیالیستەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئەو پارێزگایە ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

لەمیانی ڕێوڕەسمی یادی ٢٩ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئاداری ٢٠١٧، ھەریەک لەوەفدی پارتی و سۆسیالیست بایکۆتی مەراسیمەکەیان کردو ئامادەنەبون بەشداریی بکەن.

لەبارەی هۆكاری بایكۆتكردنی رێورەسمەكەش بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بینیمان سووکایەتیەکی یەکجار زۆر بە شاندی پارتی کرا.

لەلایەن خۆشییەوە کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە ڕاگەیاند: ئەگەرچی تائێستا ھیچ سکاڵایەکمان پێنەگەیشتوە، بەڵام تەئکید دەکەینەوە، بێڕێزی بەرامبەر ھیچ کەس و لایەنێک نەکراوە.

کامەران مستەفا وتیشی: وەکو باسدەکرێت گوایە خەڵکانێک زویر بون، ئێمە نازانین بۆچی و لەپێناوی چیدایە، بەڵام دەبێت ئەوانیش دڵ و دەرونیان ھێندە فراوان بێت بەرامبەر کەسوکاری شەھیدان، دەبوو کەس بیری لەوە نەکردایەتەوە ھۆڵەکە جێبھێڵێت.

لەبارەی وتەكانی بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە بۆ snn ڕونیکردەوە، ئێمە وەکو ھەڵەبجەییەکان میوانداریی لایەن و خەڵکمان کردوە، ئیتر چۆن بێڕێزی دەکەین بەمیوانەکانمان.



PM:03:06:16/03/2017