دوا زانیاریی سەبارەت بە دواخستنی ئاهەنگی نەورۆز

بەڕێوەبەرایەتی كەلەپوری سلێمانی رەتیكردەوە، بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە سلێمانی دوابخرێت، وتی " ئاهەنگی نەورۆز لە وادەی خۆیدا لە پاشنیوەڕۆی 20ی ئادار لە گردی مامەیارە دەستپێدەكات".

ئیبراهیم ئەحمەد، بەڕێوبەری كەلەپوری كورد لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، وتی:" نەورۆزی ئەمساڵ هەر لە ٢٠ی مانگدا یادی دەكرێتەوە لە كاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ لە گردی مامەیارە، چالاكییەكان كاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ بەنمایشی ڕێڕۆشتنێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو، لەنزیك شەقامی شەستییەكەی سەروو (عەلوە كۆنەكە)وە دەستپێدەكات، لەپێش كاروانی ڕێڕۆشتنەكەوە چوار ئاڵای كورد، كە گوزارشت لە چوارپارچەی كوردستان دەكات، دەبن بەپێشەنگی كاروانەكە پاشان دەهۆڵ و زوڕنا لەدوای ئەوانیشەوە كەسایەتیەكانی وەك كاوەی ئاسنگەر، باوەنەورۆز، پیرەمێرد، حوزنی موكریانی، سەلیم سەیدۆك".

هەروەها وتی "لەڕیزبەندی ڕێرۆشتنەكەدا رۆڵی ئەو كەسایەتیانە دەبینن، لەدوای ئەوانیشەوە، پۆشاكی (ئێزدی، یارسان، زەردەشت)یەكان نمایش دەكەن، گروپی هەڵپەڕكێی نیشتمان ناوبەناو چەند جۆر هەڵپەڕكێی كوردی پێشكەش دەكەن و یانەی فڕۆكەوانی سلێمانیش بەسەرپەرشتی(نوری ئەحمەد ڕەشید) لەپانتایی ئاسمانی ڕێرۆشتنەكەدا چەند نمایشێكی جۆراوجۆر بەپەڕەشووت و پەڕەماتۆڕو فڕۆكەی بچووك ئەنجام دەدەن و خەڵكەكە نێرگز باران دەكەن.

راشیگەیاند:"داوا لە هاووڵاتیان دەكەم وەك نەتەوەی كورد كە لەو ڕۆژەدا هەموومان یەك دەنگ و یەكڕەنگ بین و بەیەك گیان و یەك ڕۆحیەتەوە یادی ئەم جەژنە بكەینەوە، خۆزگەمان دەخواست كە یەكڕیز بووینایە ئەونەی دڵسۆز بووین بۆ دوژمنەكان ئەوەندە دڵسۆزبووینایە بۆ خۆمان، ئاوات دەخوازم لەو ڕۆژەدا چاوێك بە ڕابردوودا بخشێنینەوە كە لە ڕابردوودا سودمەند نەبووین لەو كارانەی كە كردوومانە لەبەر ئەوەی ئەونەی بە قسەی دوژمنەكانمان كردووە بە قسەی خۆمانمان نەكردووە".



PM:03:20:19/03/2017