بەوێنە..کچە رۆژنامەنووسێکی کورد شەهید دەبێت

کچە رۆژنامەنووسی کوردستانی باکور،  نوژیان ئارهان، کە لە شەڕەکەی  ٣/٣ خانەسۆرێی نێوان یەبەشەو پێشمەرگەکانی رۆژئاوا بریندار بوو، شەوی رابردوو شەهید بوو .
 
ماڵپەڕی رۆژنیوز بڵاویکردەوە" نۆژیان ئارهان، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسەی، کە لە هێرشەکەی ٣/ئازاردا لە شارەدێی خانەسۆری سەر بەشەنگال بە سەختی برینداربوو،پاش تێکۆشانێکی چەند ڕۆژە بۆ ژیان، شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی شەهید ساریا لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبو".

توبا ئاکیڵماس، ناسراو بە نۆژیان ئارهان، لە شارۆچکەی حەلوان-ی سەر بە شاری ڕوحای باکوری کوردستان  لەدایکبووە، دایکی ناوی دوریەیە و باوکی ناوی ساڵح-ە.
 
ماڵپەڕەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ساڵی ٢٠٠٥ لە باکوری کوردستان گروپێکی گەورەی قەڵغانی مرۆیی پێکهات بە مەبەستی وەستانی شەڕ و کۆتاییهێنان بە کوشتنی گەنجان، کە شەهید نۆژیان یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو گروپە و چوونە قەندیل و لەوێ پەیامیان دا، بەڵام دەوڵەتی تورک گوێی لە پەیامی ئەو گروپە نەکرد،  بۆیە ئەندامانی گروپەکە هەموو لە شاخ مانەوە و بڕیاریاندا کە بەشداری تێکۆشانی ئازادیی ببن، لەوکاتەوە هەتا کاتی شەهیدبوونی نۆژیان وەک ڕۆژنامەنووسێک لەناو تێکۆشانی ئازادییدا کاری دەکرد.



AM:11:46:23/03/2017