ئەگەر حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی کەرکوک ڕابگرێت
"قەیرانێکی دیکەی دارایی ڕوو لە هەرێم دەکات"

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند وەزیری دارایی عیراق بە زارەکی فەرمانی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی کەرکوکی دەرکردووە، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت گەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت قەیرانێکی دارایی دیکە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

مەسعود حەیدەر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕایگەیاند دوای بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانەی لەمەر مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای کرکوک و پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزیری دارایی فەرمانی زارەکی داوە بە راگرتنی پێدانی مووچەی پارێزگای کرکوک.

هەروەها وتوشییەتی کە بە فەرمی ھۆکارەکەی نازانن، بەڵام ئەمشەو ھەوڵ دەدات لەگەڵ وەزیری دارایی پەیوەندی بکات و ھۆکارەکەی بزانێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بە سپی ڕاگەیاند لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەشدا دەبێت لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە مووچەی فەرمانبەرانی کەرکوک بدرێت و ڕەنگە بەو هۆیەوە جارێکی دیکە مووچە فەرمانبەرانی هەرێم دوابکەوێت و بێگومان قەیرانێکی دارایی دیکە ڕوو لە هەرێم دەکات.



PM:09:39:27/03/2017