لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵادا زمانی کوردیش لەسەر نوسراوە فەرمییەکان پەسەندکرا

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەتەک ئاڵای عێراق پەسەندکرد، هەروەها چیتر زمانی کوردیش لە نوسراوە فەرمییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاری هەڵکردنی ئالای کوردستان لەسەر دەزگا فەرمییەکان پەسەندکرد، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند" هەڵکردنی ئاڵای کوردستان زیان بەهیچ پێکهاتەیەک ناگەیەنێت".

 ئەمڕۆ ٢٨ی ئازاری ٢٠١٧ دوای ئەوەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە بڕیاری لێدرا، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی "پێویستە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تەنیا لەسەر دامودەوگا حکومییەکان بێت".

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە پارێزگاری کەرکوک بە نوسراوێکی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا کرد کە هەردووپێشنیازی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بینا حکومییەکان و زمانی کوردی لەسەر نوسراوە فەرمییەکان پەسەند بکات.

لەسەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە هەردوو کوتلەی عەرەبی و بەرەی تورکمانی دژایەتیکردنی خۆیان بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەربڕیوە و دەڵێن بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن.

تا ئایستا لایەنەکان و خەڵکی کەرکوک چاوەڕوانی پەرچەکرداری حکومەتی بەغداو هەڵوێستی کاربەدەستانی بەغدان لە کاتێکدا کە مەترسی ئەوە لە ئارادایە هەڵکردنی ئاڵاکە ببێتەهۆی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگاکە لەلایەن بەغداوە. 



PM:01:18:28/03/2017