نەوشیراون مستەفا دەگەڕێتەوە کوردستان

وا بڕیارە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا لە مانگی نیساندا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.  

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند" نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە مانگی نیساندا دەگەڕێتەوە کوردستان".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، نەوشیروان مستەفا چاوەڕوانی نوێکردنەوەی پەساپۆرتەکەیەتی کە لەماوەیەکی کەمدا بۆی تازەدەکرێتەوەو دەگەڕێتەوە کوردستان.

گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لە کاتێکدا کە هەردوو کوڕەکەی نماو چیا کە بۆ مەراسیمی کۆچی دوایی دایکیان شوعلە عەلی گەڕابوونەوە کوردستان، وا بڕیارە ئەوان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ لای باوکیان لە لەندەن.

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی ٢٠١٦/٩/٣ لە رێگای فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ وەرگرتنی کۆرسی دووەمی چارەسەری نەخۆشییەکەی سەردانی بەریتانیای کرد، لە رۆژی /٢٠١٧/٣/٣ شدا هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کرد، بەلآم بەهۆی ئامۆژگاری پزیشکەکانیەوە نەگەڕایەوە کوردستان.

گەڕانەوەی ئەمجارەی نەوشیروان مستەفا لەکاتێکدایە کە پەیوەندنی ناجۆری پێشووی نێوان ئەو بارزانی و سەرکردەکانی پارتی 
گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی بەبۆنەی کۆچی دوای شوعلە عەلی هاوسەری ناوبراوەوە هەریەک لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پرسەیان ئاراستەی کردو، ئەویش وەلآمی پرسەکەیانی بە نامەی تایبەتی دۆستانە دانەوە.



AM:10:58:30/03/2017