دەمیرتاش و زەیدان چوونە ریزی مانگرتووانەوە

 وەك پشتگیرییەك لە زیندانییە مانگرتووەكانی باكوری كوردستان، هاوسەرۆکی هەدەپە دەمیرتاش و عەبدوڵا زەیدان کە پەرلەمانتاری جولەمێرگە چوونە ریزی ماگرتووانەوە لە خۆراک.

سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆكی گشتی پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان پشتیوانی خۆی بۆ مانگرتنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە و عەبدوڵا زەیدان، پەرلەمانتاری جولەمێرگی هەدەپە ڕایانگەیاندوو دەڵێت لە 1ی نیسانەوە مان لە خواردن دەگرم..
ئەمڕۆ 30ی ئازار هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"و عەبدوڵا زەیدان، پەرلەمانتاری هەدەپە لە جولەمێرگ، وەك پشتگیرییەك لە زیندانییە مانگرتووەكانی باكوری كوردستان ، بڕیاریاندا ئەمڕۆ دەست بە مانگرتن لە خواردن بكەن.

هاوسەرۆكی گشتی پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان ئاماژەی بەوەداوە كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، هێزە دیموكراتییەكان، حزبە سیاسییەكان و گەلەكەمان لەبەرامبەر مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی بێدەنگ نەبن و وەڵامی داواكارییە دیموكراتییەكانیان بدەنەوە، پێویستە ڕای گشتی لەسەر ئەم بابەتە ورد بێتەوە.

سەباحەت تونجەل ئاشكراشیكرد كە لە ڕۆژەكانی 1 بۆ 5ی مانگی نیسان من و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی لە زیندانی سیلیڤری شاری ئیستانبول بەمەبەستی پشتگیری لەمانگرتووان، مان لە خواردن رادەگەیەنین.

سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆكی گشتی پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان لە پەیامێكدا رایگەیاندووە، "مانگرتن لە خواردن لە زیندانەكانی باكوری كوردستان بە داواكاری لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەستپێكردنەوەی دیالۆگ و دانوستان، كۆتاییهێنان بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە زیندانەكان و كۆتاییهێنان بە فشارەكان بۆسەر ژیانی هاوڵاتیانی گوندەكانی باكوری كوردستان، بە شێوەی ماوەنادیار دەستیپێكردووە".

ماوەی ٤٣ رۆژە ژمارەیەك لە زیندانیانی كوردی زیندانی شاكرانی ئیزمیر مانیان لە خواردن گرتووە و ڕایانگەیاندووە، تا جێبجێنەكردنی داواكارییەكانیان دەستهەڵگری مانگرتنەكەیان نابن.




AM:10:21:31/03/2017