شیوعی: قسەمان لەبارەی کات و شوێنی ریفراندۆم کردووە

شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی حزبی شیوعیی کوردستان دەکەن و سەرکردەیەکی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت، کە قسەیان لەبارەی کات و شوێنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە.

رۆژی دووشەممە 3.4.2017، شاندی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستانیان کرد و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و حزبەکەیەتی، لە کۆنگرەرۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات ”بۆ دیاری کردن ئالیەتی فراوان و پێویست و ئامادەکاری بۆ ریفراندۆم".

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەش کرد، کە مەرج نییە دوای ریفراندۆم، یەکسەر سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەندرێت، ”رەنگە ئەم پرۆسەیە چەند ساڵێک بەردەوام بێت".
هاوکات باباعەلی جەباری، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، هەموو حزبە کوردستانییەکان ”لە ئایندەیەکی نزیکدا" لەبارەی ریفراندۆمەوە دەست بە قۆناغی پراکتیکی دەکەن.

باباعەلی جەباری هەروەها رایگەیاند، کە لەگەڵ شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ”بە وردی" قسەیان لەبارەی کات، شوێن و چۆنێتی"ی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە.




PM:02:33:03/04/2017