یەکێتی کەوتە سزادانی کادیرانی
ژمارەیەک کادیری پلە باڵای سزا دەدات

یەکێتی نیشتمانی کوردستان ژمارەیەک بەرپرسی باڵای خۆی لەسەر "لاوازی دیسپلینی حیزبی و پابەندنەبوون بە پەیڕەوی ناوخۆوە" سزا دەدات.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی راگەیاند لە کۆبوونەوەی دوێنی ٤/٨ ئەو لیژنەیەی دروستکراوە بۆ چاودێریکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لە کۆسرەت رەسوڵ و دەستەی کارگێڕی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو بافڵ تاڵەبانی، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای یەکێتی سزا داوە، لەوانە عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی، لاهور تاڵەبانی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن و ئاسایشی هەرێم، سیروان کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە هۆکاری سزادانەکە " لاوازی دیسپلینی حیزبی و پابەند نەبوونە بە پەیڕەوی ناوۆخۆوە"، پلەی ئینزارەکەش " ئاگادار کردنەوەیە". 

ئەو کادیرانەی سزادراون لەو کادیرانەن کە ناڕازین لە سیاسەتی ئێستای ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و لەچەند رۆژی رابردوودا داوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیان کرد لە " فەرامۆش کردنی نەخشە رێگای یەکێتی کە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی کوردستان بڕیاری لەسەر داوە".



AM:10:04:09/04/2017