زیاتر لە ٢٠ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی دژی سزادانی کادیران کۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ناڕازی کە ژمارەیان لە ٢٠ ئەندام زیاترە دژی بڕیاری سزادان کە لەدوا کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بڕیای لەسەر دراوە، کۆبببنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند " ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت، تیایدا بەشداربووان هەڵوێستێکی ڕاشکاوانە لەسەر دوو پرس دەردەبڕن، یەکێکیان ئەو وەفدەی سەردانی پارتی کردو دواتر بە هاوبەشی سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ ئەو بڕیارەی جێگری سکرتێرو دەستەی کارگێری و هێرۆ ئیبراهیم و بافڵ کە بڕیاریان لەسەر سزادانی کادیران دەرکردووە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە فەرامۆشکردنی نەخشە رێگای یەکێتیش دەکرێت کە سەرکردایەتی " دەستڕۆشتوو" ئەو نەخشە رێگایەیان لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی پێشوویان لەگەڵ پارتی فەرامۆشکرد.

ئەو گرووپە داوا دەکەن کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر ئەو پرسانە سازبکرێت.

پێشبینی دەکرێت هەڵوێستی ئەو ژمارە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیە لە رێگای نووسراوێکەوە بێت، بەڵام تا ئێستا نەزانراوە ئەو نوسراوە بۆ بڵاوکردنەوەیە، یان هەر ئاراستەی جێگری سکرتێر و دەستەی کارگێری دەکرێت.

ئەم هەڵوێستە دوای ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی شەممە ٨ ی شوباتی جێگری سکرتێر و دەستەی کارگێڕی و هێرۆ ئیبراهیم و بافڵ تاڵەبانی دێت، کە تیایدا بڕیار درا هەریەکە لە عادل مورادو شاناز ئیبراهیم و لاهور تاڵەبانی و سیروان کوێخا نەجم و عەتا سەراوی ئاگادار بکرێنەوە، لەسەر ئەو لێدوانە دژانەی لەسەر سیاسەتی یەکێتی لە میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە



PM:12:04:10/04/2017