ئایا دۆزینەوەی لاپتۆپەکەی د.فەرهاد پیرباڵ بە ستوفە بووە؟

خاوەنی ئەو گەراجەی د. فەرهاد پیرباڵ ئۆتۆمبیلەکەی لێداناوە بە " سوتفە " لاپتۆپەکەی دەدۆزنەوەو هێرشێکی توندیش دەکاتە سەر ئەو نوسەرە.

لە چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنی ئەو گەراجەی فەرهاد پیرباڵ ئۆتۆمبیلەکەی لێ دادەنێت کە کەناڵی کوردستان٢٤ بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت '' من گەراجی ئۆتۆمبیلی هەولێرم هەیە لە ئیسکان، دوو سێ شەو پێش ئیستا دکتۆر فەرهاد ئۆتۆمبیلەکەی لەلای ئێمە بەجێ دەهێڵێت، دوایی هاتبووەوە لای ئێمە و لاپتۆپەکەی لە گەراج بەجێهێشتبوو''.

خاوەن گەراجەکە دەشڵێت '' ئێستا فەرهاد پیرباڵ فیتنەی بە زمانی حکومەت دەکات و دەڵێت، لێیان دزیوم، بەڵام تەلەفونمان بۆ چەند برادەرێکی کردووە بۆ ئەوەی بێن جانتاکە ببەنەوە بەڵام برادەرەکانی دەڵێن ناتوانین بێین بیبەین''.

خاوەن گەراجەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت '' رائید خالید و نەقیب هەژار و ملازم ئەوەل محەمەد زۆر ئەم ناوچەیەیان کۆنترۆڵکردووە، بۆیە هەرشتێک هەبێت ئێمە بەوان دەڵێین''.

دەشڵیت '' من لاپتۆپەکە نادەمەوە فەرهاد پیرباڵ، دەیدەمە ئاسایش چونکە هەمیشە ناوچەی ئێمە دەپارێزن، من دەمەوێت درۆکانی فەرهاد پیرباڵ ئاشکرا بکەم''.

پەیامنێرەکەی کوردستان٢٤ دەڵێت '' ئێمە بەم ناوچەیەدا رۆشتین، ئەم خاوەن گەراجە ئێمەی بینی و پێی وتین وەرن روماڵی دۆخەکە بکەن لاپتۆپەکەی فەرهاد پیرباڵ لای منە''.

بە پێچەوانەی خاوەن گەراجەکەوە، پێشتر د.فەرهاد پیرباڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند '' کە چوومە گەراجەکە، کوڕی گەراجەکە ووتی سویچەکەتم بەرێ شوێنی ئۆتۆمبیلەکەت دەگۆڕم، کامێراکانی چاوێردی هەن دەتوانن سەیری بکەن، دواتر کە چوومە نێو ئۆتۆمبیلەکە سەیر دەکەم لاپتۆپەکەم دیار نەماوە''.

ئەم لێدوانەی پیرباڵ بەتەواوی پێچەوانەی قسەکانی خاوەن گەراجەکەیە. پیرباڵ ئاماژە بەوەدەکات کە ئاسایش و رووبەرووبونەوەی تاوان و پۆلیس و دادگا گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی لاپتۆپەکەی، بەڵام لەوێ هیچ وەڵامێکی نەدراوەتەوە.

دوێنێ دوو چەکداری یەکێکیان بە چەکی دەمانچەو ئەوی تریان کڵاشنکۆف هێرشدەکەنە سەر د. فەرهاد پیرباڵ ئازارێکی زۆری دەدەن.



PM:02:56:13/04/2017