خوێندنی باڵا لەسەر وانەكانی عەرەبی و كوردی بڕیاری كۆتایی ڕاگەیاند

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن بڕیاری نوێ دەدات لەسەر شێوازی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆك و پەیمانگاكان و بڕیاری كۆتایشی ڕاگەیاند لەسەر ئەژماركردنی ئیختیاری بۆ وانەكانی كوردی و عەرەبی.

نێوەڕۆ ی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی كۆمیتەی باڵای وەرگرتن-ی خوێندكاران لە زانكۆكان، وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی ڕاگەیاند و تیایدا وردەكاری پرۆسەی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی خرایە ڕوو.


لە كۆنگرەكەدا ، د.محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانكۆی، كە لە ساڵی خوێندنی (2017-2018) دەست بەجێبەجێكردنی كرا، بەشێوازێكی فراوان لەلایەن دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و كەسوكاریان پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و، خۆشبەختانە توانیمان بۆ یەكەمین جار بەسەركەوتوی جێبەجێی بكەین، وتیشی بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە نوێیەوە فشار لەسەر بەشە ناوخۆیی زانكۆكانیش كەم بوەوە.
د.محمد سابر ڕونیشیكردەوە ساڵی ڕابردو ئەو سیستمە لە زیاتر لە (100) بەشی زانستی لەسەرجەم زانكۆكان جێبەجێكرا، ئاشكراشیكرد بەسود وەرگرتن لەو ئەزمونە سەركەوتوە ئەنجومەنی وەزارەتەكەمان بڕیاریدراوە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2017-2018) ئەو سیستمە فراوان بكات، بەشێوەیەك سەرجەم بەشە زانستیەكان بگرێتەوە، جگە لە كۆلێژە (پزیشكیەكان، ئەندازیاری، یاسا) و، بەشەكانی (بایەلۆژی، كیمیا، زانستەكانی كۆمپیوتەر) لە كۆلێژەكانی زانست و، بەشەكانی (زمانی ئینگلیزی) لە كۆلێژەكانی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەكان و ئەدەبیات.

ئەمساڵ خوێندكاران بەدو قۆناخ لە زانكۆ وەردەگیرێن


لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەیەكەدا، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتی: بەئامانجی زوتر دەستپێكردنی دەوامی خوێندكارانی قۆناخی یەكەم لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) ڕاگەیاندنی وەرگرتنی ناوی خوێندكارانی بەدو قۆناخ بێت، بەشێوەیەك بۆ هەر قۆناخێكی دەرچون ڕێژەیەكی گونجاو لە پلانی وەرگرتنیان بۆ دانراوە، د.محمد سابر ڕونكردنەوەی زیاتری داو وتی: ڕێژەی (55%)، یان زیاتر كورسیەكانی خوێندنی قۆناخی یەكەم بۆ دەرچوانی خولی یەكەمی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئەمساڵ و ساڵی پێشو(ئەوانەی لە هیچ زانكۆەیەك وەرنەگیراون) تەرخان دەكرێت، هەروەك ڕێژەی (45%)ی كورسیەكانی خوێندنیش كە لە قۆناخی دوەم ڕادەگەێندرێت بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزەی خولی دوەمی تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ دەبێت.

خوازیارانی كۆلێژەكانی (پزیشكی، ئەندازیاری، زانست) لە ئەژماركردنی نمرەی چەند وانەیەك سەرپشك دەكرێن
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، د.محمد سابر بڕیارێكی دیكەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند: بۆ لەمەودوا دەرچوانی لقی زانستی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی بۆ پێشكەشكردنی داواكاری وەرگرتن لە كۆلێژ و بەشەكانی (كۆمەڵەی پزیشكی، ئەندازیاری، زانست) دەتوانن تەنها نمرەی وانە پەیوەندیدارەكانی (فیزیا، كیمیا، بیركاری، زیندەوەرزانی، زمانی ئینگلیزی) ئەژمار بكەن و، ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی تر بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ پێشكەشكار لەسەرجەم وانەكان دەرچوبێت، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و وەرگرتن ئاشكراشیكرد، ئەم بڕیارە لە وەرگرتنی خوێندكاران بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتا دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئەمساڵ دەتوانن سود لەو بڕیارە وەربگرن.

ئەژماركردنی تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكان

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، مژدەیەكی دیكە بە دەرچوانی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی درا بەتایبەت ئەو خوێندكارانەی كە خاوەن تاقیكردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتیەكانن، بۆ ئەوەش د.محمد سابر وتی: ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا تاقیكردنەوە ستاندارە نێودەوڵەتیەكان بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەژمار بكرێ، بۆیە ئەو خوێندكارانەی دەرچوی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی كە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكانی وەك (SAT1 and SAT2 ) و(AlEUEL EXAM) ئەنجام داوە، دەتوانن لە كاتی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان هاوپێچ بكەن تا بۆیان ئەژمار بكرێت، ئاشكراشیكرد ئەم تاقیكردنەوانە لە زانكۆ و حكومی و تایبەتەكان خوێندكاران دەتوانن پێیی بچنە پیشبڕكێ و، دوای ئەوەی لەلایەن كۆمیتەیەكەوە ڕێنمایی بۆ دەردەچێت، لە ئەمساڵیشەوە دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.


دابینكردنی كورسی خوێندن (زمانی و ئەدەبی كوردی) بۆ خەڵكی بیانی

لە بەشی كۆتایی كۆنگرە ڕۆژنامەیدا، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ یەكەمین جار بڕیاریدا بەجێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگـ، ئاشكراشیكرد پڕۆژەكە تایبەتە بەبایەخدان بەزمان و ئەدەبی كوردی، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان و كورد بەشێوەیەكی گشتی بۆتە جێگەی گرنگ و بایەخی خەڵكی بیانی، بۆیە وەزارەتەكەمان بڕیاریدا بەجێبەجێكردنی پڕۆژەیەك كە بەهۆیەوە ژمارەیەك كورسی خوێندنی فول سكۆلەرشیپ بەناوی (Kurdish studies ) بۆ خەڵكی بیانی تەرخان دەكات، وتیشی پڕۆژەكە سەرجەم ئاستەكانی خوێندنی باڵا (بەكالۆریۆس، ماستەر، دكتۆرا) دەگرێتەوە و، ساڵانە بەپێی توانای زانكۆكان ژمارەیەك كورسی خوێندنی تایبەت بەزمان و ئەدەبی كوردی بۆ خەڵكی بیانی تەرخان دەكات، ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ئێستادا كۆمیتەیەكی باڵا-یی بەناوی كۆمیتەی باڵا نیشتمانی بۆ كورد سكۆلەرشیپ ( National committee for kurd scholarships - NCKS) پێكهاتوە و، كۆمیتەكەش نەخشە ڕێی كاركردنی داڕشتوە، د.محمد سابر وتیشی بەجێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە خزمەتێكی گەورە بەزمان و ئەدەب و مێژو و كەلتور و كەلەپوری كوردی دەكرێ.





PM:01:38:23/04/2017