سپی ژمارەی شەهیدەكانی یەپەگە ئاشكرا دەكات

بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیاوە لەچەند ناوچەیەكی ِرۆژئاوای كوردستان 16 شەرڤانی یەپەگە شەهیدبوون.
سەرچاوەیەكی تایبەت نزیك لە یەپەگە لە باشوری كوردستان بۆ "سپی" ئاشكرایكرد لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا لە ناوچەی دێرك و شاخی قەرەچوخ لە ڕۆژئاوای كوردستان 16 شەرڤانی یەپەگە شەهیدبوون".
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ بۆ "سپی" ئاشكرایكرد كە لەناو شەهیدەكاندا فەرماندەیەكی یەپەگە هەیە".
یەپەگە لە بەیانێكدا كە بەرەبەیانی ئەمرۆ بڵاویكردەوە ئاشكرایكرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٥ ی نیسان كاتژمێر ٢ ی بەیانی فڕۆكەكانی توركیا هێرشێكی فراوانیان كردۆتە سەر بارەگای فەرماندەكانی یەپەگە لە نزیك شاری دێرك و چیای قەرەچووخ لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی ئاماری قوربانیانی ئەو بۆردومانەی بڵاو نەكردۆتەوە.
جگە لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆردومانی گەلی كەرسێ و كۆمەڵگای ئێزیدیان لەشاخی شەنگال و رادیۆی چرا كە دەنگی ئێزیدیەكانە و لەگەلی شەلۆ باخچەی سەرۆك و ناوەندێكی ئێزیدیەكان لە نزیك سنونێی كردۆتە ئامانج.



PM:02:00:25/04/2017