پارتی: یەكەمجار نییە خەڵك دەبێتە قوربانی سیاسەتە ناكامەكانی پەكەكە

پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر چیای شنگال ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند "ئەمە یەكەم جار نییە هاوڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی سیاسەتە ناكامەكانی پەكەكە"
پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر چیای شنگال ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا نیگەرانی خۆیان لە لێدانی سەنگەر و بنكەكانی پێشمەرگە دەردەبڕن.
لەبارەی هێرشەكەشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پەكەكە بە بەرپرسیار دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت "ئەم ڕوداوە و هەر روداوێكی دیكەی هاوشێوە لە ئاكامی وجودی نارەوا و خۆسەپێنی پەكەكەیە لە هەرێم، ئەمە یەكەم جار نییە خەڵك و هاوڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی سیاسەتە ناكامەكانی پەكەكە كە گۆڕەپانی خۆی بەجێهێشتووە".
لە ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا كە وەك پەیامێكیش ئاڕاستەی پەكەكە كراوە هاتوە "ئەگەر پەكەكە كەمترین خەمخۆری بۆ خەڵكی شەنگال  تێدایە با لێگەڕێت لە جیاتی بۆردوومانی فڕۆكەی توركیا، دەستی ئاوەدانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بگاتێ".
كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25ی نیسان فرۆكە جەنگیەكانی توركیا چیای شنگالیان بە چڕی بۆردومان كرد و بەهۆیەوە 5 پێشمەرگە شەهید بوون و 9ی دیكەش برینداربوون.




PM:03:23:25/04/2017