كوڕەك: سەرلەبەری هەواڵەكەی هەفتەنامەی ئاژانس ناڕاستە

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم وەڵامی هەفتەنامەی ئاژانس دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت سەرلەبەری هەواڵەكەی هەفتەنامەی ئاژانس لەبارەی كۆمپانیاكەیانەوە ناڕاستە.
كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا وەڵامی هەواڵێكی ژمارە (37)ی هەفتەنامەی (ئاژانس) دەداتەوە كە باسی لەوە كربوو "بەر لە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر شنگال تۆڕەەكانی كوڕەك لەكارخراون".
لە بەیاننامەدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتوە كۆڕەك تیلیكۆم ئەو هەواڵە ڕەت دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "سەرلەبەری ئەم هەواڵە ناڕاستە بە كینە و مەبەستەوە داڕێژراوە".
كۆڕەك ڕەخنەی توند ئاراستەی هەفتەنامەی ئاژانس دەكات و ئاماژە بەوە دەكات هەفتەنامەی ناوبراو وتەی سەرچاوەیەكی نادیاری كردۆتە مانشێتی سەرەكی، بەبێ ئەوەی كە پەیوەندی بە كوڕەكەوە بكات بۆ پشتڕاستكردنەوەی یان ڕەتكردنەوەی هەواڵەكە، كە بە وتەی ئەوان ئەمە تەواو دوورە لە ئیتكی پیشەیی ڕۆژنامەوانی.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە كۆمپانیای كوڕەك لە زەرەرمەندە ڕاستەوخۆكانی ئەم هێرشە ئاسمانیە بووە و ئەو تاوەرەی بە ئامانج گیراوە تاوەری سەرەكی تۆڕی پەیوەندییەكان (Backbone) بووە و خاپووربووە، وەك ئاماژەی پێدراوە ئەوە بۆتە هۆی وەستانی تەواوی تۆڕەكە لەو ناوچەیە لەدوای هێرشەكە.
كۆمپانیای كوڕەك تیلیكۆم ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ڕێگەی یاساوە داوای قەرەبوو دەكات لەبەرامبەر ئەو زیانانەی كە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا بەر تاوەرەكانی كەوتووە و دوپاتیدەكاتەوە داوای یاسایی لەسەر هەفتەنامەی ئاژانس تۆماردەكات لە بەرامبەر ئەوەی بە وتەی ئەوان هەواڵەكە بووەتە هۆی  "ناوزڕاندن‌ و چەواشەكاری زۆری پێوە دیارە".
ڕۆژی سێشەمە 25ی نیسان فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا شنگالیان بۆردومان كرد و هەر لە دەسپێكی هێرشەكەوە تۆڕی پەیوەندیەكانی كۆڕەك وەستا، لە بەشێك لە ڕاگەیاندنەكانیش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە بەر لە هێرشەكە كۆمپانیای كۆڕەك پەیوەندیەكانی ڕاگرتوە.


PM:09:55:27/04/2017