ئەندامێکی لیژنەی فەتوا هاتە دەنگ

ئەندامێکی لیژنەی فەتوا ئەوە ڕەت دەکاتەوە شۆفێریکردنی ژنان حەرام بێت و ئەو نامیلکەیەش کە پێشتر لەوبایەوە بڵاوکرابووەوە بە دژیەک لەگەڵ ئاینی ئیسلام ناودەبات.
پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا سەبارەت بە شوفێری ژنان نامیلکەیەک بڵاوبووەوە بەپێی ئەو نامیلکەیە شۆفێریکردن لەلایەن ژنانەوە حەرامە.
بڵاوبوونەوەی ئەم نامیلكەیە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە بارەیەوە دكتۆر ئەحمەد شافیعی، ئەندامی لیژنەی فتوای هەرێمی كوردستان بە "کوردیو"ی ڕاگەیاند " ئەو فتوایە بەئەمڕۆی هەرێمی كوردستان نامۆیە و دورە لە واقیع و هیچ دەقێكی ڕوون نە لە قورئان نە لە فەرموودە نەهاتوە كە ئەو فەتوایە پشت ڕاست بکاتەوە"
باس لەوەش دەکات کە فەتوا بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێت و ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو نامیلکەیە هی وڵاتی سعودیە و وەرگێردراوەتە سەر کوردی. 
دكتۆر ئەحمەد شافیعی وەرگێڕانی ئەم جۆرە نامیلکانە بە باش نازانێت و پێی وایە ئەوە دەست خستنە ناو سەروەری ولاتێكە و دەڵێت "ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا سەروەری خۆمان هەیە، ئەم وڵاتە بەدەیان و سەدان گەورە زانا و پسپۆڕی خۆی هەیە لەبواری شەریعەتدا هەروەك لیژنەی باڵای فەتوای خۆی هەیە هەرشتێك پێویست بوو فەتوای لەسەر بدرێت ئەبێت لەلایەن ئەو لیژنەیەوە بێت".



PM:11:36:28/04/2017