سپی نهێنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بلآودەکاتەوە

ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی سازکراو پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆم یەکلایی کرایەوە، سەرکردایەتیەکی یەکێتی بە کۆبوونەوەیەکی "باش" وەسفی دەکات.

سەرچاوەیەکەی ئاگادار لە سەرکردایەتی یەکێتی یەوە بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی ئیجابیمان سازکردو بە کۆدەنگی لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسی ریفراندۆم یەک دەنگ بووین".

سەبارەت بە چۆنێتی یەک دەنگی سەرکردایەتی یەکێتی کە ماوەیەکی زۆر یەکێتی لەسەر زۆر پرس یەکڕانەبووە، سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد" بەکۆی دەنگ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی یەکێتی پێیانوایە و هەنگاوی هەرەپێشینە کە بنرێت کاراکردنەوەی پەرلەمانە".

سەرچاوەکە وتیشی" دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە پەرلەمان رۆڵی یاسایی خۆی ببینێت لە دەرکردنی یاسا بۆ پرسی ریفراندۆم و ئەو پرسە چارەنووس سازە یاسایی و نیشتمانی بکرێت".

پێشتر لەنێو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیدا دوو ڕای جیاواز هەبوو، رایەیەکیان کە کەمینە بوو لە سەر ئاستی سەرکردایەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانی بەهەند وەرنەگرتبوو، بەڵکو پرسی ریفراندۆم لای ئەو کەمینەیە هەنگاوی یەکەم بوو، ئەمەش وەک رای پارتی وایە، بەلآم رای زۆرینە دەیەوێت ئەو پرسە نیشتمانی و یاسایی بکات و کاراکردنەوەی پەرلەمان بکاتە بنەمای ئەساسی پرسی ریفراندۆم".

ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دا هەمووان بڕیاریان لەسەر ئەوەدا کە یەکڕا بن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و بۆ ئەو پرسەش لە رۆژانی داهاتوودا یەکێتی لەگەڵ گۆڕان کۆدەبێتەوە پێشنیاری خۆیان بۆ کارکردنەوەی پەرلەمان کە چەند پێشنیارێکە دەخاتە روو تا لەسەری رێکبکەون و دواتر لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر بکەن.






PM:08:15:29/04/2017