تاڵەبانی:مه‌لا به‌ختیار‌و سالار فڕیان بەسەر رەوشت‌و بیروباوەری ئارامەوە نەبوو
تاڵەبانی: خه‌ڵك كوشتن لای‌ مه‌لا مسته‌فا وه‌كو ئاوخواردنه‌وه‌ وابوو

تاڵەبانی لە بیرەوەریەکانیدا دەڵێت" خه‌ڵك كوشتن لای‌ مه‌لا مسته‌فا وه‌ك ئاوخواردنه‌وه‌ وابوه‌”، هەروەها لەسەر مەلا بەختیار و سالار عەزیزش دەڵێت "مه‌لا به‌ختیار‌و سالار عه‌زیز فڕیان بەسەر رەوشت‌و بیروباوەری ئارامەوە نەبو”.

ئه‌مڕۆ بیره‌وه‌رییه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌، به‌ناوی‌ "مام جەلال – دیداری تەمەن- له‌لاوێتییه‌وه‌ بۆ كۆشكی‌ كۆماری‌” بڵاوکرایەوە كه‌ له‌لایه‌ن سه‌لاح ره‌شیدی‌ یاریده‌ده‌ری‌ پێشوی تاڵه‌بانییه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌.

سەڵاح ڕەشید، ئێوارەی ئەمرۆ لە مۆزەخانەی ئەمنە سورەكەی شاری سلێمانی لە مەراسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی تاڵەبانیدا رایگەیاند "بیرەوەرییەكانی سەرۆك مام جەلالدا لە توێی چاوپێكەوتنێكی ١٥ ساڵەی هەمەلایەندا لە دوو بەرگدا كە نزیكی ٩٠٠ لاپەڕەیە بە ناوی ( مام جەلال - دیداری تەمەن) بلاودەكرێتەوە كە لە ساڵی ١٩٩٠ وەدەستمان بە كۆكردنەوەی كردووە و ٢٠٠٥ كۆتایی پێهاتوە".

ئامادەكاری بیرەوەرییەكانی كتێبی (مام جەلال - دیداری تەمەن) ،دەشڵێت"  سەرۆك مام جەلال باس لە قۆناغە جیاواز و ناكۆكەكان دەكات لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان، تا دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی و لەوێشەوە بۆ ڕاپەرین و پاشان باس لە دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، واتا لە لاوێتیەوە بۆ كۆشكی كۆماری لە توێی كتیبەكەدا هەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، بڵاوكردنەوەی كتێبەكە لە ئێستادا بەبێ هیچ مەبەستێك بووە تەنها بۆ ئەوە بووە كە حەزمانكردوە لە ژیانی مام جەلالدا بڵاوبكرێتەوە و هیچ دژیاتیكردنێكی تێدا نییە تەنها باسی مێژوو دەكەین و حەقیقەتێك دەگێرینەوە.
 
تاڵەبانی‌ له‌م بیره‌وه‌رییه‌دا ره‌خنه‌ ئاڕاسته‌ی‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ ده‌كات، سەبارەت بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت" لەناو کۆمەڵەدا نەوشیروان مستەفا هۆشیار ترینیان بوو، پێموابو كە ئەو گەنجێكی هەڵكەوتو، زیرەك، كوڕی باش‌و عەقڵی باشەو چاك دەنوسێ، لەپاشان پێموابو كوردپەروەرێكی ڕەسەنە، واتا ڕەسەنییەكی هەبو لەكوردپەروەریدا، بیروباوەڕو تێوری‌و فەلسەفەی بەكاردەهێنا، بۆ خزمەتی جەماوەری كوردو كوردستان‌و كوردایەتی‌و خەباتی میللەتی كوردو رزگاركردنی جوتیارو رەنجدەرانی كوردستان. وەك ئەوجۆرە ماركسیانە نەبو كە هەڵواسرابێت بەجوڵانەوەی شیوعیەوە، به‌قسه‌و بیروباوه‌ر دابڕابێت له‌جه‌ماوه‌ر.
هه‌رچه‌نده‌ دیاره‌ هه‌ندێ‌ سه‌رنجم له‌سه‌ر نه‌وشیروان هه‌بو، كه‌ هێشتا نه‌خه‌مڵیبو، ئینفیعالاتی‌ هه‌بو، زوبه‌زو ئه‌و ئینفیعالاته‌ی‌ ته‌وازونێكی‌ لێتێكئه‌دا له‌هه‌ڵسه‌نگاندن‌و نرخاندن‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هه‌ڤاڵانی‌ تردا، به‌ڵام به‌موقاره‌نه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵه‌كانی‌ تر، هه‌تا له‌گه‌ڵ‌ شه‌هاب‌و ئه‌و براده‌رانه‌ی‌ تردا، لای‌ من له‌هه‌مویان له‌پێشتر بو”.

دەربارەی مەلا بەختیار و سەلار عەزیزش دەڵێت" ده‌رباره‌ی‌ مه‌لا مسته‌فا ده‌ڵێت "خه‌ڵك كوشتن لای‌ مه‌لا مسته‌فا وه‌كو ئاوخواردنه‌وه‌ وابو”.

سه‌باره‌ت به‌مه‌لا به‌ختیار‌و ساڵار عه‌زیز ده‌ڵێت "مەغروربون بەو مەركەزانەی كە درابویانێ، هەیان بو خەویشی بەوەوە نەدەدیت، زۆر زو خۆیان لێگۆڕا، وایانزانی بو كە ئەو گەشەكردنە لەقارەمانی‌و لەزیرەكی‌و لەبلیمەتی ئەوانەوەیە، ئەو بیركردنەوەیە بەهەڵەیدابردن‌و كەوتنە دروستكردنی تەكەتولێك لەناو كۆمەڵەدا بەناوی تەكەتولی ئارامەوە. ئەوەی راست بێت، ئارامیان كردبو بەكراسەكەی عوسمان، ئەگینا لەڕاستیدا ئەوان هیچ فڕیان بەسەر رەوشت‌و بیروباوەری ئارامەوە نەبو”.



PM:08:29:02/05/2017