هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: بڕۆنە بەردەمی مەكتەبی ناسیاسی بەردبارانی بكەن

هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی دواین كۆبوونەوەی حیزبەكەی هاتە دەنگ و بە لایەنگرانی یەكێتی دەڵێت "بڕۆنە بەردەمی مەكتەبی ناسیاسی و بەردبارانی بكەن".

هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە وتارێكدا كە لە هەژماری تایبەتی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە ئاشكرایدەكات، ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەنیازی لابردنی عادل مورادن لە پۆستەكەی و ڕایدەگەیەنێت "هەریەكە لە كۆسرەت رەسول عەلی و مەلا بەختیار كە ئەو بە (حیكمەت) ناوی بردوە لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر فەتاح و حاكم قادر بڕیاری دورخستنەوەی عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیان داوە لە پۆستەكەی".

هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەو هەنگاوەی بەرپرسانی یەكێتی بە هەنگاونان بۆ كپكردنی دەنگە دڵسۆزەكانی یەكێتی و زاڵبونی پارتی بەسەر ناوچەكەدا ناوبردوە، هەروەها عادل مورادی بە كەسێكی دڵسۆزی ئەو حیزبە ناوزەند كردووە و ئاماژەی بە كۆمەڵێك هەنگاوی لە پێشتر كردووە كە بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی ناویانە بۆ دورخستنەوەی عادل موراد لە پۆستەكەی.

هەڵۆ لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا دەڵێت "بەهۆی سیاسەتی خائینانەی كۆمەڵێك دز و جەردەو نیشتیمان فرۆشەوە، رۆژبەرۆژ یەكێتی بەرەو دارمان و لاوازبوون دەڕوات، ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاو دەنێت بەرەو جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی بنەماڵەی بارزانی وە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەچێتە بەرەی دژایەتی خەڵكی كوردستانەوە".

ناوبرا  بە ئەركی كادیران و ئەندامانی یەكێتی دەزانێت كە بێدەنگ نەبن و دەڵێت "ئەركی سەرشانی هەمووتانە كە ئیتر سنورێك بۆ ئەم خیانەتە دابنێن و ڕیگری لێ بكەن، داوادەكەم بڕۆنە بەردەمی مەكتەبی ناسیاسی رێسوای حیزبەكەتان و بەردبارانی بكەن هەڕەشەیان لێبكەن كە ئیتر ئەم خیانەتانە قەبوڵ ناكرێت و داوای گۆڕینی بەپەلەی هەموویان بكەن و ئەگەر واشناكەن، گلەیی مەكەن كە خوێنی شەهیدانتان و ڕەنجی دەیان ساڵتان بووە قوربانی دەستكەوتی چەند خائین و بازرگانێك".





AM:10:15:04/05/2017