ئاژانس: لە مانگێكدا 430 ملیۆن دۆلاری موچە دیار نامێنێت

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات داهاتی هەرێم دوو ئەوەندەی خەرجیەكەیەتی و ڕایدەگەیەنێت مانگانە بڕێك پارەی موچە دیارنامێنێت.

ڕۆژنامەی ئاژانس لە ژمارە (38)یدا ڕاپۆرتێكی لەسەر داهات و خەرجیەكانی حكەمەتی هەرێم بڵاوكردۆتەوە و وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتوە ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكرایدەكات حكومەت هەرێم ساڵانە شەش ملیار دۆلار خەرجیەتی و 12 ملیار دۆلاریش داهاتیەتی و بەو پێیەش داهاتی حكومەت دوو ئەوەندەی خەرجیەكەیەتی.

عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندوە "موچەی فەرمانبەران بە پاشەكەوت مانگانە 430 ملیۆن دۆلارە ئەگەر خەرجی مانگانەی بەپێدانەوەی قەرزیشەوە 170 ملیۆن دۆلاربێت  دەكاتە 600 ملیۆن دۆلار، بەو پێیەش خەرجی ساڵانە 7 ملیار 200 ملیۆن دۆلار دەبێت، بەڵام كە پەرلەمان پەكخرابێت و حساباتی خیتامی نەبێت بەدڵنیاییەوە ئەو 430 ملیۆن دۆلارەی دەمێنێتەوە لە هەر مانگێكدا كەس نازانێت چیی لێدێت و بۆ كوێ دەچێت".

هەر لەوبارەیەوە بەیار دۆسكی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی سامانە سروشتیەكان ڕایگەیاند "لە ئێستادا پەرلەمان كارناكات و لیژنەكانیش كۆنابنەوە، بەڵام دیوانی چاودێری دارایی دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكات".



AM:11:13:04/05/2017