وا بڕیارە یەک شەممە سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی کۆببنەوە

وا بڕیارە یەک شەممە ٧ ئایار کۆبوونەوەی نێوان سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی، سازبکرێت، سەرچاوەیەکی گۆڕان دەڵێت" کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە دەبێت".

سەرچاوەیەکی بەرپرسی گۆڕان بە سپی راگەیاند" بەپێی ئەو وادە پێشوەختەی بۆ کۆبوونەوەکە نێوان هەردوولا دیاریکراوە، وا بڕیارە یەک شەممە ٧ ی ئایار کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هابەشی یەکێتی و گۆڕان سازبکرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆبوونەوەی یەک شەممەی نێوان هەردوولا ئەگەر سازبکرێت" یەکلاییکەرەوە" دەبێت.

سەبارەت بە گرنگی کۆبوونەوەکە، سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سبەی گۆران وەلآمی یەکێتی دەوێت" ئایا لەگەڵ رێککەوتنەدا ماون"، سەرچاوەکە وتی" ئەگەر یەکێتی بە ئەرێنی وەلآمی گۆڕان بداتەوە، ئەوا داوا لەیەکێتی دەکەین دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە و دیاریکردنی میکانیزمەکانی، لەپێش هەمووشیانەوە کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی کوردستان و یەکخستنی فراکسیۆنەکانە لەسەر ئاستی پەرلەمانی کوردستان و عێراق ".

ئەو سەرچاوەیە ئەو ئەگەرەشی بەدوور نەزانی کە ئەگەر یەکێتی وەلآمەکەی " بە نەرێنی بوو" ئەوا، پێیویست ناکات گۆڕان بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێککەوتنەکە کە واساڵێکی بەسەردا تێپەڕی و هیچ بەندێکی لێ جێ بەجێنەکراوە.

هەرچەندە وادەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان وا بڕیاربوو، شەممە ٦ ی ئایار سازبکرێت، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی دەیەوێت بیخاتە یەک شەممە ٧ ئایار.
دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی رۆژی ٢٢ ی نیسان بوو کە باسی رێککەوتنەکەو پرسی ریفراندۆم کراوە.
 



PM:08:31:05/05/2017