حیزبەكان نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دیاری كرد

دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە لایەنەکان کرد، نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، دوو پارتی دیکەش نوێنەری خۆیان دیاری کردووە و مەسیحییەکانیش سەرقاڵی دانانی نوێنەری خۆیانن بۆ ئەو کۆمیتەیە.

مونا قەهوەچی جێگری پارتی چاكسازی توركمانی بە  ڕایگەیاند، ئێمە وەكو حزبە توركمانەكانی كوردستان كە بریتین لە سێ‌ حزبی توركمانی نوێنەری خۆمان دیاری كردووە بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم.

جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمانی دەڵێت، ئێستە ناوەكەی ئاشكرا ناكەین ڕەنگە ئەو كەسە نەخۆش بێت لەوكاتە یان گۆڕانكارییەكی تێدا بكەین بۆیە لەكاتی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ڕیفراندۆم ئێمە نوێنەرمان ئامادەیە.

هندرێن ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان ڕایگەیاند، لە حزبی شیوعی كوردستان منیان كاندید كردووە بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم ئەمەش دوای كۆبوونەوەی حزبەكەمان.

هەرچی بزوتنەوەی ئیسلامیە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو عەبدوڵا وەرتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی  ڕایگەیاند، ئێمە نوێنەری خۆمان ئامادەكردووە بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم.
ھەر لەمبارەیەوە (وەحیدە یاقۆ ھورمز)، نوێنەری پێکھاتەی مەسیحی ڕایگەیاند: ''داوا لە ئێمەش کراوە، نوێنەری خۆمان دیاری بکەین و حیزبەکان کۆبوونەوەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە سازکردووە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەش ئەنجام بدەن و نوێنەری خۆمان دیاری بکەین، بۆیە لەم چەند ڕۆژەدا نوێنەری خۆمان دیاری دەکەین.''

بڕیارە ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و تەنیا ماوە کە ڕۆژەکەی دیاری بکرێ.



AM:11:20:06/05/2017