خوێندنی باڵا ١٠٠ملیۆن دیناری بۆ بۆردی توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، وەک گرانتی یەکەمیش بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ بۆردەکە تەرخان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لەپێناو داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی گشتی توێژینەوەی زانستی و، هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بوار و پسپۆڕی جیا و، لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیە زانستی و تەکنەلۆژی، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت.

هەروەها وتیشی، ئەم بۆردە کار بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی گرانتی ساڵانە دەکات و، هەوڵی دۆزینەوەی پارتنەری نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەخشیننی بەو پڕۆپۆزەڵانەی کە ئاستی زانستیان بەرزەو لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی وت، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بۆردەکە وەزارەتەکەمان بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار وەک گرانتی یەکەم پێشکەش بەبۆردی توێژینەوەی زانستی کرد، تا لە ڕێگەی پێشبڕکێ بدرێتە بەپرۆپۆزەڵی ئەو توێژینەوانەی کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردنی بابەتەکانی تایبەت بەهەرێمەکەمان.

هەروەها وتیشی "لەئێستادا بۆردەکە دەرگای پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵی توێژینەوەکانی بەڕووی توێژەرانی هەرێمەکەمان كردۆتەوە".

لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەت بۆ گەیشتن بەسەرچاوە زانستیەکان بۆ توێژەران، ئەکرەم وتی لە ئێستادا وەزارەتەکەمان سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی گەیشتن بەسەرچاوە و گۆڤار و بڵاوکراوە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بۆ توێژەرانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین.

هەروەها وتیشی، توێژەرەکانمان کاتێک دەتوانن بەشداری زیاتر لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بکەن، ئەگەر خۆیان دەستیان بەنوێترین سەرچاوەی زانستی بگات.

 ئاشکراشیکرد "لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا (ئەکسێسی) یاسایی بۆ گۆڤارە زانستیەکان لەبەردەم توێژەرانی کوردستان و، سەرجەم مامۆستایانی زانکۆ دەکەینەوە، كە ئەم هەنگاوە هەموو بوار و پسپۆڕییەکان دەگرێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەیەکەیدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە کاریگەرییەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان لەسەر توێژینەوەی زانستی کرد و لەو بارەیەوە وتی، لەدوای جێبەجێکردنی پڕۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەبەراورد بە ساڵەکانی (٢٠١٥-٢٠١٦) بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرزەکانی دونیا بەڕێژەی (٨٠%) زیادی کردووە، هەروەها ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی ناوخۆیی بەڕێژەی (١٤٣%) زیادیکردووە، بەهەمان شێوە ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەڕێژەی (١٠٠%) زیادی کردووە و خولەکان بەڕێژەی (٦٣%) زیادیان کردووە.

 عەباس ئەکرەم جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە جێبەجێکردنی ڕیزبەندی نیشتیمانی هۆکار بووە بۆ زیادبووی توێژینەوەکان، هەروەک  جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆشیدا هێنایە ئاراوە، لەوانە کلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوە، پێوەر و ستاندارد و کەلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستانەوە، لەگەڵ چەندین دەستکەوتی دیکەی گەورەی زانستی.




PM:04:13:07/05/2017