حكومەتی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەداتەوە

سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەداتەوە.

لە 4ی ئازاری2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەجیهاندا رەخنەی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كردبوو لەبارەی پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی، پڕۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێم، رەوشی چاكسازییەكان، ئەشكەنجەدان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەوشی كەمە نەتەوایەتی و ئایینییەكان لە هەرێم و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە رەوشی مافی مرۆڤ.

ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی ئایاری 2017 دیندار زێباری، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و رونیكردەوە "نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لەهەرێمی كوردستان بونیان هەیە و هیچ كەسێكیش بەزۆرەملێ رەوانەی شوێنی خۆیان نەكراونەتەوە و بۆ ئەمەش نمونەی شاری كەركوكی هێناوەتەوە كە لە ساڵی 2016 نزیكەی (٧٠٠٠) خانەوادەی عەرەب هاتوونەتە كەركوك كە زۆربەیان خەڵكی ناوچەی سەڵاحەددینن و ناگەڕێنەوە".

وتیشی "رێگری لەرێكخراوەكان نەكراوە بۆ ئەوەی سەردانی كەمپەكان بكەن و بەشێوەیەك لەماوەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ رێكخراوی بیانی (616) جار سەردانی كەمپەكانی دهۆك و (161) جار سەردانی ناوچە تازە ئازادكراوەكانی موسڵیان كردووە و هەروەها ٤٠ رێكخراوی ناوخۆ ٨٠ جار ٢٧ رێكخراوی لۆكاڵیش (153) جار سەردانی ناوچە تازە ئازادكراوەكانی موسڵ و كەمپەكانیان كردوە".
زێباری باسی لەوەشكرد كە لەئێستادا پێشمەرگە (14) لیوای هەیە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە كۆكراونەتەوە و لە ساڵی 2014 بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم كوردستان هێزی رەسمی و تایبەتی بۆ كریستیان و ئێزدییەكان دامەزراوە، هەروەها رۆژی 12/3/2017 هێزی بەرگری لە ئێزیدخان کە لە نزیكەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێكهاتوون خراونەتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.

وەزارەتی پێشمەرگە لیوایەكی تایبەتی بەناوی لیوای (رۆژئاوای دیجلە) دامەزراندووە و لە (٢٠٠٠) كەس پێكدێت لە خەڵكی ناوچەكانی زوممار، رەبیعە، عەیازییە و بەشێك لە شەنگالن هەروەها دوای ئەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتن و هاوكاریی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئیمزا كرا و چوار بنكەی مەشقی سەربازیی هەن كە هاوپەیمانان تێیدا مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، لەو بنكانەدا حەوت وڵات ئەركی مەشقەكانیان لە ئەستۆ گرتووە كە بریتین لە: بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، سوید و نەرویج کە مەشقەکان بە سەرپەرشتی ئەمریكایە، لە ماوەی ساڵێكدا 15 فەوج كە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار پێشمەرگە دەبێت مەشقیان پێكراوە بۆ شەڕی كۆڵان بە كۆڵان، هێرشبردن و عەمەلیاتی تایبەت، تائێستا لە هەرێم بە دەیان خولی جۆراوجۆر لە بنكەكانی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە كراوەتەوە.
دیندار زێباری، قسەی لەسەر كەیسی (نیاز عەزیز ساڵح) كرد و وتی "لە 5/1/2012 بە بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر گراوە بە تاوانی سیخوڕیكردن دادگایی كراوە دواتریش بەهۆی بوونی كەیسێكی تری لەسەر ناوبراو ئازاد نەكراوە و كە تایبەتە بە تەزویر، لەلایەن دادگاوە بڕیاری سزادانی داوە و لە دادگای لێكۆڵینەوە هیچجار تەمییز نەكراوە و بەردەوامیش 3 پارێزەری هەبووە، ڕۆژانە لەلایەن پزیشكی بەندیخانە پشكنین بۆ هەموو بەندكراوێك دەكرێت، نیاز كێشەیەكی تەندروستی نەبووە و ئەشكەنجەش‌ نەدراوە (پێویستە بەڵگە پێشكەشبكرێ)، ئەگەر ئەشكەنجە درابا دەزانرا، چونكە چەندین جار چۆتە بەردەم دادگا و دادوەران.

بۆكەیسی ویداد حوسێنیش زێباری وتی "لە رێكەوتی 13/8/2016 لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە رفێندراوەو دواتر كوژرا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (23793)ی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی دهۆك، لەسەر چۆنیەتی رفاندن و كوشتنی رۆژنامەنووسی ناوبراو لیژنەیەک پێكهێنرا، كەیسەكە پارێزەری تایبەتی هەیە، ئێستاش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، خزم و كەسی ویداد سكاڵایان لەسەر هیچ لایەنێك بەرز نەكردۆتەوە".

سەرۆكی لیژنەی وڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسی لەوەشكرد كە لە لە كوردستاندا 8 هەزار رۆژنامەنوس و سەدان رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیۆن هەن كە بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت مۆڵەتی كاركردنیان هەیە و مافی ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران بە پێی یاسا پارێزراوە.

هەروەها لە سلێمانی كە 84 رۆژ خۆپیشاندان بەردەوام بوو، 20 كەس دەستگیركران ئەوكاتەی كاتژمێر 9 بۆ 11 تەرخان كرابوو، بەڵام ئەوان زیاتر ماونەتەوە دواتر ئازادكراون بەبێ ئەوەی كەس ئازار درابێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لە چاكسازی كرد و وتی "لە دەستپێكی پڕۆسەكە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نزیكەی (100) دۆسیەی بۆ لێكۆڵینەوە داوەتە دەستەی دەستپاكی، دۆسییەكان بەپێی تایبەتمەندی دابەشكران بەسەر لایەنە پەیوەندیدارە دادوەرییەكاندا، هەروەها سێ لیژنەی تایبەت بە (زیادەڕەویی لەسەر موڵكی گشتی)، (دەرمان و پێداویستی پزیشكی) و (وەزارەتی پێشمەرگە و سلكی سەربازی) پێكهێنران".



PM:01:27:08/05/2017