سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان گۆڕان و یەکێتی بلآودەکاتەوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی کۆتایی هات بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، سەبارەت بەجێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی ٢٠١٦/٥/١٧ نێوان هەردوولا، گۆڕان داوای جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو رێککەوتنەی کردووە، بەلآم یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پەلەیان لێنەکەن.

گۆڕان داوای کردووە هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق یەکبگرن وەک لە رێککەوتنی ٥/١٧ نێوانیاندا هاتووە، بەپێی زانیارییەکانی سپی، یەکێتی سەبارەت بە یەکگرتنی هەردوو فراکسیۆن لەسەر ئاستی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە پەرلەمان کوا ماوەو پەکیخراوە، ئیتر یەکگرتنی چ سوودێکی هەیە؟.

دەربارەی یەکگرتنی هەردوو فراکسیۆن لە سەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، کە گۆڕان داوای کردووە، یەکێتی وەلآمی ئەوەی داوەتەوە کە ئەوان کێشەیان هەیە لەنێوخۆیاندا نابێت گۆڕان پەلەیان لێ بکات.

سەبارەت بەو پێشنیارەی یەکێتی کە داوای کردووە بۆ چارەسەری بارودۆخی سیاسی و پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بگۆڕدرێت، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بۆ گۆڕین و تەوابوونی ماوەی یاسایی بارزانی بکرێت، بۆیە گۆڕان پێشنیارەکەی یەکێتی رەتکردۆتەوەو، بەپێی زانیارییەکانی سپی گۆڕان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر ئەوان دەستبەرداری شەرعی بوونی سەرۆکی پەرلەمان بوونایە، هەر زوو دەیانکردو پێویستیان بە پێشنیاری یەکێتی نەدەبوو.

دەربارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و دەستلەکارکێشانەوەی سەردار قادر، یەکێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی کردووەو بەرامبەر ئەوەش پۆستی پارێزگاری هەڵبجە بدەنەوە بە گۆڕان، یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سلێمانی بەم شێوەیە بەڕێوەنابرێت ( ئاماژەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەردار قادر کردووە )، گۆڕان داواکەی یەکێتی رەتکردۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لای بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٨ ئایار کۆتایی بە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان هێناوەو، ئەو بزووتنەوەیە لای خۆیەوە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ساز دەکات بۆ بڕیاردانی کۆتایی بە رێککەوتنەکە. 
  



PM:10:00:08/05/2017